ئۆکرانیا دەڵێت 17 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا لە ناوچە جیاجیاکان خراونەتە خوارەوە

سوپای ئۆکرانیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند 17 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خسووەتە خوارەوە کە ڕووسیا بۆ بە ئامانجگرتنی ناوچە جیاجیاکانی ئۆکرانیا لە هێرشەکانی شەوانەدا بەکاریهێناون.

سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕووسیا لە زنجیرەیەک هێرشیدا لە ناوچەکانی میکۆلایڤ، زاپۆریژژیا، سومی و دنیپرۆپترۆڤسک بە گشتی 22 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵداوە.

سێرهی لیساک، پارێزگاری ناوچەی دنیپرۆپیترۆڤسک ڕایگەیاند، پاشماوەی یەکێک لە سێ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە بەسەر ناوچەکەدا کەوتوونەتە خوارەوە، زیانی بە باڵەخانە و ئۆتۆمبێلەکان گەیاندووە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر.

لیساک گوتی تۆپبارانەکانی ڕووسیا ناوچەکەی گرتووەتەوە، بەڵام هیچ زانیاریەک سەبارەت بە زیانە گیانیەکان ڕانەگەیەنراوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە، چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانییان لە ئاسمانی ناوچەی برایانسک لە ڕۆژئاوای ڕووسیا خستووەتە خوارەوە.

هەروەها ڕووسیا ڕایگەیاند، بەرپەرچی هێرشی سەر کەشتییەکی دەوریەی دەریای ڕەشیان داوەتەوە و هێزەکانی ڕووسیاش پێنج بەلەمی بێ سەرنشینیان لەناوبردووە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرامدا ڕایگەیاند، 11 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانییان لە ئاسمانی کریمەی ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیا تێکشکاندووە.

ئەوەش دوای ڕۆژێک لە هێرشێکی مووشەکی ئۆکرانیا هات کە کارگەیەکی ستراتیجی کەشتیوانی لە کریمیا کردە ئامانج و بەهۆیەوە 24 کەس بریندار بوون و زیانیشی بە دوو کەشتی گەیاند کە لەژێر چاککردنەوەدان