هونەرمەندی کورد بەیتۆجان، ئەمڕۆ لە وڵاتی سوید لە تەمەنی 68 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. هونەرمەند بێتۆجان کە ناوی فەرمی بەیتوڵڵا گونەرییە، ماوەی 32 ساڵ لە وڵاتی سوید ژیاوە و ماوەیەکی زۆرە چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەی بۆ دەکرێت. بنەماڵەی ئەو هونەرمەندە گۆرانیبێژە ڕایانگەیاند کە ئەمڕۆ سێشەممە کاتژمێر 5:30ی سەر لەبەیانی بەکاتی سوید لە نەخۆشخانەی ستۆکۆلهم کۆچی دوایی کرد.
بەهۆی باری خراپی تەندروستییەوە ئەو هەونەرمەندە ماوەیەک بوو دەرنەدەکەوت و لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرتی ناڕاست لەسەر مردنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە.
بەم دواییانە برای بەیتۆجان بە ناوی ئادارجان لە 3ی مانگی هەشتی 2023 بە دەنگی ئەمەریکای گوت خێزانەکەی زۆر دڵگران بوون بەرامبەر بەو هەواڵە ناڕاستانەی لەسەر ئەو هونەرمەندە بڵاو دەکرێنەوە.
بەیتۆ جان لە ساڵی 1955 لە شارۆچکەی فارقینی سەر بە ئامەد لە دایک بووە و پاش کودەتای لەشکری 12ی ئەیلولی 1980 دەستگیرکرا و سزای 15 ساڵ زیندانیکردن درا. ماوەی شەش ساڵ و نیو لە زیندان مایەوە تا ساڵی 1987 ئازاد کرا.
هونەرمەندان و دامەزراوە هونەریەکان و سیاسەتمەداران و هەوادارانی بەیتۆجان لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکاندا دڵتەنگی خۆیان دەربڕی.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی دەڵێت لە تویتێکدا دەڵێت "
دڵگران بووین بە کۆچی دوایی هونەرمەندی بەناوبانگی کورد بەیتۆجان. پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و هاوڕێکانی دەکەین، هاوبەشی خەمیانین."
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پەرسەنامەیەکی ئاراستەی بنەماڵەی بەیتۆجان کردووە و تیایدا دەڵێت "بەداخێکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەندی ناوداری کورد بەیتۆجان-م بیست. خوالێخۆشبوو بەیتۆجان، هونەرمەندێکی نیشتمانپەروەر و بە توانا و شارەزا بوو، خزمەتێکی زۆری گۆرانی و میوزیکی ڕەسەنی کوردی کردووە. پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە بەڕێزەکەی دەکەم و هاوخەمیانم".
هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە پەروین بوڵدان لە تویتێکدا دەڵێت " گەلی کورد و خێزانەکەی بەیتۆجان خۆشبن."
هونەرمەند جوان حاجۆ دەڵێت هونەرمەند بەیتۆ جان هەردەم لە دڵـماندا دەمێنێتەوە."
چەندین هونەرمەند و هەواداری تری بەیتۆجان بەهەمان شێوە نیەگەرانین دەربڕیوە.
بەیتۆجان لە ساڵی 1990 یەکەم بەرهەمی خۆی بە ناوی "یان مردن یان دیاربەکر" بڵاوکردەوە کە لە تورکیا قەدەغە کرابوو.
ساڵێک دوای ئەوە لە ساڵی 1991 و بەهۆی ململانێی سیاسییەوە، بەیتۆجان ناچار بوو ڕوو لە سوید بکات و درێژە بە ژیانی دەربەدەری بدات.
بەیتۆجان 4 ئەلبوومی بە ناوەکانی "یان مردن یان دیاربەکر"، "تۆ نادەن بە من"، "بیست و یەکی ئازار"، " هیتۆنە دڵی من" بڵاوکردووەتەوە.