ئێران بەهۆی گەرمایەکی لە ئەندازەبەدەر دوو ڕۆژ پشووی فەرمی ڕادەگەیەنێت 

میدیاکانی دەوڵەتی ئێران بڵاویانکردەوە، ڕۆژی سێشەممە ئێران پشووی دوو ڕۆژەی بۆ کارمەندانی حکومەت و بانکەکانی سەرتاسەری وڵات ڕاگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی پلەی گەرما لە سەرتاسەری وڵاتدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە فەرمانگەی کەشناسی پێشبینی کردبوو کە پلەکانی گەرما لە زۆرێک لە شارەکان لە 40 پلەی سەدی تێپەڕدەبن و لە باشووری ڕۆژئاواش لە دەوروبەری 50 پلەی سەدییە.

ڕاگەیاندنی دەوڵەتی IRIB ڕایگەیاندووە کە لە زۆرێک لە شارەکان لەوانەش پارێزگاکانی ئیلام، بوشێهر و خوزستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پلەکانی گەرما تیایدا گەیشتووەتە سەروو 45 پلەی سەدی.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا لە زاری عەلی بەهادۆری جەهرۆمی وتەبێژی حکومەتەوە بڵاویکردەوە، "ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێشنیاری وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕاگەیاندنی ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە لە سەرتاسەری وڵات بە پشووی فەرمی لە پێناو پاراستنی تەندروستی گشتی".

ئیرنا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕیارە بەهۆی ئەوەی کە بە شەپۆلێکی گەرمای "بێ وێنە" لە سەرانسەری وڵاتدا وەسفیکردووە، دراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی IRIB، شاری دێهلۆران لە ڕۆژاوای ئێران بەرزترین پلەی گەرمای لە ئێران تۆمار کردووە کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا گەیشتووەتە 50 پلەی سەدی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکرا پلەکانی گەرما لە باکووریش بەرزببنەوە، لەنێویاندا لە شاری ئەردەبیل و هەروەها لە کەناراوەکانی باشووری دەریای قەزوێنیش.

وەزارەتی تەندروستی هۆشداری داوە لە مەترسییەکانی گەرما بەهۆی بەرکەوتنی زۆر بە تیشکی خۆر، هەروەها داوای لە خەڵک کردووە لە نێوان کاتژمێر 10ی بەیانی تا 4ی پاشنیوەڕۆ لە ماڵەوە بمێننەوە.

پێدرام پاکین، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ژمارەی نەخۆشیانەی کە پەیوەندی بە گەرماوە هەیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە "مەترسیدار" وەسف کرد.

لە مانگی شەشی ئەمساڵدا ئێران کاتی کارکردنی هاوینەی بۆ فەرمانبەرانی حکومەت گۆڕی کە ئێستا زووتر دەست پێدەکەن، بەمەبەستی پاشەکەوتکردنی کارەبا لە فەرمانگەکان کاتێک پلەکانی گەرما لە ئاستێکی بەرزدان.

پارێزگای سیستان -بەلوچستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە زۆرترین زیانی بەهۆی شەپۆلی گەرماوە بەرکەوتووە.

ئیرنا ڕایگەیاندووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و خۆڵبارین، نزیکەی هەزار کەس لەوێ لە نەخۆشخانە چارەسەریان وەرگرتووە.

ئەو ناوچەکە لە مێژە ڕووبەڕووی کەمی ئاو بووەتەوە، ئاژانسی دەنگوباسی تەسنیم دەڵێت ڕۆژی دووشەممە ناڕەزایەتی نیشان دراوە لەسەر بەنداوێکی سەروتر لە ناو ئەفغانستانی دراوسێ کە وای کردووە ئاوی ڕووباری ناوچەکە کەمبکاتەوە.

ئێران کە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 85 میلیۆن کەسە، لە ڕیزی ئەو وڵاتانەیە کە زۆرترین زیانی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای جیهان لێکەوتووەتەوە.

هاوشێوەی وڵاتانی نزیک، ساڵانێکە تووشی وشکەساڵی و شەپۆلی گەرمای زۆر بووە، کە پێشبینی دەکرێت لەگەڵ بەردەوامی گۆڕانی کەشوهەوا خراپتر بێت.