ئێران هەوڵ دەدات سەرنجی گەشتیارانی وڵاتانی دراوسێی ڕابکێشێت

ئێران کە تا ئەندازەیەکی زۆر گەشتیارانی ڕۆژئاوا خۆیان لێی بە دوور دەگرن، لە هەوڵدایە بۆ ڕاکێشانی گەشتیارانی وڵاتانی دەوڵەمەندی عەرەبی کەنداو و وڵاتانی دیکەی نزیک بۆ بوژانەوەی ئابوری لە کاتێکدا سزاکان زیانیان پێگەیاندووە.

کەسایەتییە پیشەسازییەکان دەڵێن کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها گەشتیاری زیاتر لە ڕووسیا و چینەوە ڕادەکێشێت بۆ شوێنە دێرینەکان، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیمپراتۆریەتی فارس، و ڕێگەی ئاوریشمی ئەفسانەیی.

چاکبوونەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئێران و عەرەبستانی سعودیە بە نێوەندگیری پەکین لەمساڵدا، ڕێگەی بۆ گەشتە ڕاستەوخۆکان خۆشکرد و تاران بەهەمان شێوە هەوڵی پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ وڵاتانی دیکە لە میسرەوە بۆ مەغریب دەدات.

ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەسەرخۆ بەڵام بەردەوامن لە شوێنە گەشتیارییە گەورەکاندا بەرچاوە کە لە ئێستادا زیاتر گوێت لێدەبێت گەشتیاران نەک تەنها بە ئینگلیزی و فەرەنسی بەڵکو بە عەرەبی، چینی و ڕووسیاییش دەدوێن.

یەکێک لە خاوەن دەزگاکانی گەشتیاری تاران، حەمید شاتری تەمەن 46 ساڵ، دەڵێت "لە ڕابردوودا گەشتیارێکی زۆرمان لە ئەوروپاوە وەرگرتبوو بەڵام ئێستا ئەو ژمارانە دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە".

ئەوروپیەکان "ترسیان لە سەردانی ئێران" هەیە، دوای چەندین ساڵ گرژی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە و دوای هۆشدارییەکانی حکومەتانی ڕۆژئاوا لەسەر سەفەرکردن بۆ ئەو وڵاتە.

دەشڵێت "لەم ڕۆژانەدا زۆرینەی چینی و ڕووسیایی سەردانی شوێنە مێژوویی و دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی ئێران دەکەن و گەشتیارانی عەرەب بە تایبەتی لە عێراقەوە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمە ئاینییەکاندا دێن".

چەندین ساڵ لە گۆشەگیریدا

ئێران لە مێژە بە شکۆمەندییە دێرینەکانی لەوانە شارەکانی شیراز، ئیسفەهان و مەشهەد و کۆمەڵگەی پێرسپولیس کە تەمەنی 2500 ساڵە، سەرنجی گەشتیارانی بیانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.

بیابان و شاخەکانی بەفراوی و هەروەها کەناراوەکانی کەنداو و دەریای خەزەری هەیە، شانازی بە چێشتخانە و نەریتی میواندارییەکەیەوە دەکات.

گروپێک ژن لە شاری یەزدی ئێران

سەرەڕای ڕێسای توندی جل و بەرگ بۆ ژنان و قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولیەکان و ژیانی شەوانە لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979، هێشتا هەر گەشتیارانی ئەوروپایی بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوویان تێکردووە.

هەروەها ئێران وەک گەورەترین دەسەڵاتی موسڵمانی شیعە، بەردەوام کەسانی ئاینی، کە زۆربەیان خەڵکی عێراقی دراوسێن، ڕووی تێدەکەن تا بگەنە شارە دێرینەکانی مەزارگەی مەشهەد و قوم.

دوای ئەوەی ئێران و زلهێزەکانی جیهان لە ساڵی 2015دا ڕێککەوتنیکیان ئەنجام دا بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکان، هیوایەکی زۆر هەبوو بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری.

بەڵام ئەو هیوایانە دوای سێ ساڵ لە ناوچوون کاتێک دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمەریکا بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە.

لەو کاتەشەوە چەندین ئاڵۆزی تر پەرەسی سەند، لە نێویاندا پەتای کۆڤید کە هەر لە سەرتای سەرهەڵدانییەوە بە شێوەیەکی زۆر ئێرانی گرتەوە.

ساڵی ڕابردوو ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان سەرانسەری وڵاتەکەی گرتەوە ، کە بەهۆی کوژرانی ژینا ئەمیینەوە سەریهەڵدا دوای دەستگیرکردنی بە تۆمەتی سەرپێچیکردنی یاساکانی جل و بەرگ. حکومەتی ئێران خۆپیشاندەرانی بە "ئاژاوەگێڕییەکان" ناودێرکرد و بە شێوەیەکی توند ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوویەوە.

لە هەمان کاتیشدا ئێران چەندین کەسی ئەوروپایی زیندانی کردووە، ئەمەش وایکردووە چەندین وڵاتی ڕۆژئاوا ئامۆژگاری هاووڵاتیانی خۆیان بکەن گەشت بۆ ئێران نەکەن هەموو گەشتێک بۆ ئێران نەکەن بەهۆی مەترسی دەستگیرکردنیان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی.

ڕێکخراوی گەشتیاری جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ساڵی ڕابردوو چوار ملیۆن و 100 کەس سەردانی ئێرانیان کردووە بە مەبەستی گەشتیاری کە ئەمەش نیوەی ساڵی 2019 بووە .

تاران ئێستا لە هەوڵی گەشەسەندنی ڕاکێشانی گەشتیارانی بیانیدایە لەوانەشدا خەڵکی میرنشینە یەکگرتووەکان عەرەب و قەتەر بۆ دوورگەکانی کیش و قشمی کەنداو.

سەرنجێکی نوێ

ئێران هەروەها لە هەوڵدایە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی لە ئەرمینیا و ئازەربایجانی دراوسێوە، سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان باکۆ و تاران.

مەجید کیانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناوچەی ئازادی ئاراسی باکووری ڕۆژئاوای ئێران دەڵێت "دانانی پێشانگای گەشتیاری لە وڵاتانی دیکە، ڕیکلامکردن لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانیانەوە و میوانداریکردنی بۆنە نێودەوڵەتییەکان لە بەرنامەکانی بەرەوپێشبردنی گەشتیارییدایە."

وێنەیەکی ئاراسی ئێران کە یونسکۆ بڵاوی کردووەتەوە

یونسکۆ مانگی ڕابردوو پێکهاتەی بەردی ڕەنگاوڕەنگی ئاراسی ناوچەکەی بۆ تۆڕی گڵۆباڵ جیۆپارکەکانی زیاد کرد.

کیانی وتی ناوچەی دەوروبەری پارکە جیۆلۆجییەکە کە بەهۆی ئیکۆسیستەمی هەمەچەشنەکەیەوە ستایشی دەکرێت، لە نەورۆزی ئەمساڵدا میوانداری "زیاتر لە 1.2 ملیۆن گەشتیار"ی کردووە.

ئێستا ئەرمەنییەکان سەردانی شوێنوارێکی سەدەی نۆهەمی سەینت ستێپانس دەکەن، کە شوێنێکی جیهانی یونسکۆیە و دیوارە ڕەنگینەکانی نوسراوەکانی ئینجیلی لەسەرە و ڕووبەرێکی ڕازاوەی هەیە.

دورگەی کیش لە ئێران

کریکۆر چیفتجیان قەشە سەرەکییەکەی ناوچەکە دەڵێت "گەشتیارێکی زۆری ئەرمەنی بۆ سەردانی کڵێسا مێژووییەکە دێن."

بە شێوەیەکی بەرفراوانتر، هەندێک لە چاودێران نیشانەکانی کەمبوونەوەی گرژییەکان دەبینن، ئاماژە بە ئازادکردنی چەند زیندانییەکی ئەوروپی ئەم دواییەی ئێران دەکەن، هەرچەندە هەندێکی دیکەیان لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە.

شاتری، ڕێبەری گەشتیاری تاران، هەروەها وتی ئێران هەندێک ڕێگای ماوە پێش ئەوەی سەردانکەرانی ڕۆژئاوا بە ژمارەیەکی زۆر بگەڕێنەوە.

وتیشی" ئێران پێویستی بە باشترکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەیە و نیشانی جیهان بدات کە سروشتێکی ئاشتیخوازی هەیە ئەگەر بیەوێت گەشتیارێکی زیاتر بۆ خۆی ڕابکێشێت."

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس