ئەمەریکا فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 ڕەوانەی کەنداوی فارس دەکات

بەرپرسێکی باڵای بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی هەینی 15ی مانگی حەوت ڕایگەیاند ئەو وڵاتە فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 ڕەوانەی کەنداوی فارس دەکات، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی (A-10)ی ئەمەریکا بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتییەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

ئەو بەرپرسە باڵایە گوتی "ئەمەریکا فڕۆکەی جەنگی F16 لە ڕۆژانی کۆتایی ئەم هەفتەیەدا (شەممە و یەکشەممە، 15 و 16ی مانگی حەوت) ڕەوانەی کەنداو دەکات بۆ بەهێزکردن و پشتیوانی فڕۆکە هێرشبەرەکانی (A-10) کە زیاتر لە هەفتەیەکە لە کەنداو و تەنگەی هورمز خەریکی چاودێریکردنن."

بە وتەی ئەم بەرپرسە باڵایە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، مەبەست لە ناردن و جێگیرکردنی فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 بۆ ناوچەکە، مسۆگرکردنی کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوتە کە بە کەنداو و تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن.

گوتیشی ئەم کارەی ئەمەریکا ڕەهەندەکانی چاودێریی سوپای ئەو وڵاتە له ناوچەکەدا زیاتر ده کات و دەبێته ڕێگرێک لە بەرامبەر کردەوە مەترسیدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

ئەم بڕیارەی ئەمەریکا دوای ئەوە هات کە کۆماری ئیسلامی حەوتەی ڕابردوو دەستی بەسەر دوو کەشتی نەوتهەڵگر لە نزیک تەنگەی هورمزدا گرت و تەقەی لە یەکێکیان کرد.

بە پێی ڕاگەیەندراوی هێزی دەریایی ئەمەریکا، کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەر دوو کەشتی نەوتهەڵگردا گرتووە لە نزیک تەنگەی ستراتژیکی هورمز و تەنانەت تەقەی لە یەکێک لەوانە کردووە.

لە بەیاننامەکەی هێزی دەریایی ئەمریکادا هاتووە کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا کەشتییە دەریاییەکانی ئێران پاش وەڵامدانەوەی هێزی دەریایی ئەمەریکا کشاونەتەوە و هەردوو کەشتییە بازرگانییەکەش درێژەیان بە گەشتەکەیان داوە.

هێزی دەریایی ئەمەریکا باس لەوە دەکات کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئێران لانیکەم دەستی بەسەر پێنج کەشتی بازرگانیدا گرتووە و چەند کەشتییەکی دیکەی هەراسان کردووە و زۆربەی ئەو کردەوانەش لە تەنگەی هورمزدا ڕوویانداوە.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا