تەرمی بەلانیکەم 87 کەس لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا نێژراون لە هەرێمی دارفور، وەک دەگوترێت لە مانگی ڕابردوودا بە دەستی هێزە نیمچە لەشکرییەکانی پشتیوانی خێرا و هاوپەیمانەکانی کوژراون.
لە 15ی مانگی 4ی ڕابردووەوە شەڕ لە نێوان لەشکری سودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا دەستی پێکردووە.
بەهۆی ئەم شەڕانەوە قەیرانێکی مرۆیی لە وڵاتی سودان سەریهەڵداوە و تا ئێستاش هەزاران کەس کوژراون و بە ملیۆنان کەسیش ناچاربوون زێدی خۆیان بەجێبهێڵن و هەروەها ئەم شەڕەش بووەتە مایەی ڕوودانی توندوتیژییەکی خوێناوی لە ناوچە سنوورییەکانی دارفور لەگەڵ وڵاتی چاددا.
ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئەو قوربانیانەی تەرمەکانیان نێژراون، لە هەرێمی دارفوری ڕۆژئاوا کوژراون پێشدەچێت لە 13ی مانگی 6 تا 21 ی هەمان مانگ کوژرابن و دەشڵێت "هێزەکانی پشتیوانیی خێرا فرمانی داوە بە دانیشتوانی خۆجێی تا لە درەوەی پایتەختی هەرێمەکەدا بیاننێژن."
یو ئێن دەڵێت ژمارەیەک لە قوربانییەکان لە نەژادی مەسالیتن و لەناو قوربانییەکانیشدا 7 ژن و 7 منداڵیش هەبوون و دەشڵێت "هێزەکانی پشتیوانیی خێرا ڕێگەی نەداوە لەوەی باخاکسپاردنێکی شایستەیان بۆ بکرێت."