ڕووسیا دەڵێت لە هێرشێکدا بۆ سەر کراماتۆرسک دوو ژەنەڕاڵی ئۆکرانی کوژراون

ڕووسیا دەڵێت گوایە هێزەکانی ئەم هەفتەیە لە هێرشێکدا بۆ سەر چێشتخانەیەک لە شاری کراماتۆرسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دوو ژەنەراڵی ئۆکرانی و "تا 50 ئەفسەر"یان کوشتووە.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "لە ئەنجامی هێرشەکەی ڕۆژی 27ی شەش بۆ سەر کراماتۆرسک، دوو ژەنەراڵ و تا 50 سەربازی سوپای ئۆکرانیا لەناوچوون." لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "تا 20 بەکرێگیراو و ڕاوێژکاری بیانی"ش کوژراون.

کاربەدەستانی ئۆکرانیا دەڵێن ژمارەی ئەو کەسانەی لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 12 کەس لە ناویاندا 3 منداڵیش و نزیکەی 60 کەسیش بریندار بوون.

بەرەنگاربوونەوەی هەواڵگری ئۆکرانیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە کەسێکیان دەستگیر کردووە کە تۆمەتبارە بە یارمەتیدانی ڕووسیا بۆ ئاراستەکردنی هێرشەکە.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ئەوانەی یارمەتی ڕووسیا دەدەن بۆ "کوشتنی خەڵکی" شایەنی زۆرترین سزان.

سەرچاوە: فرانس پرێس