یەکێتی ئەورووپا 11هەمین پاکێجی سزاکانی دژ بە ڕووسیای لە پێوەند بە لەشکرکێشی سەربازیی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئۆکرانیا پەسەند دەکات کە لە نێویاندا ناوی حەوت قەوارەی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لەوانە چوار دامەزراوەی ئێرانی دروستکەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبینرێت.
کۆشکی سپی 9ی مانگی شەشی ئەمساڵ ئاشکرای کرد کە ئێران لەم دواییانەدا سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەرەستەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ڕێگەی دەریای خەزەرەوە ڕەوانەی ڕووسیا کردووە.
دوابەدوای ئەوە چوار وەزارەتی ئەمەریکا لە یاننامەیەکی هاوبەشدا سەبارەت بە پەرەسەندنی مەترسییەکانی کردەوە "ناسەقامگیرکەرەکانی" کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هۆشدارییان دا و نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەوەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا (OFAC) ڕێنمایییەکی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەرکرد و ئاماژەی بەوەدا کە بە پێویستە خۆیان لەو مامەڵانە بەدوور بگرن کە ڕەنگە یارمەتی پیشەسازی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بدات.
پاکێجی یازدەهەمین سزاکانی ئەوروپا بۆ سەر ڕووسیا، دەیان قەوارەی وڵاتانی وەک ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئەرمینیاشی کردۆتە ئامانج.
لە کاتێکدا ڕێککەوتنی پەسەندکردنی پاکێجێکی لەو شێوەیە لەلایەن وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپاوە چوارشەمەی رابردوو گەیشتوەتە ئەنجام، بەڵام ئەنجوومەنی ئەورووپا ڕۆژی هەینی،23ی مانگی شەش وردەکارییەکانی ئەو پاکێجە نوێیەی سزاکانی بڵاوکردەوە.
سزا نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا دەیان قەوارەی نوێ لە سەرانسەری جیهان دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە شەڕی ئۆکرانیاوە هەیە.
بەگوێرەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی ئەوروپا، ئامانج لەو سزایانە ڕێگریکردنە لە ڕێگاکانی ناردنی کاڵا و تەکنەلۆجیای گرنگی سەربازی بۆ ڕووسیا لە لایەن ئەو وڵاتانەوە.
ئەنجوومەنی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی 87 قەوارەی نوێ بۆ لیستی سزاکان زیاد کراون کە سەرجەمیان ڕاستەوخۆ پاڵپشتی شەڕی ڕووسیا دەکەن بۆ سەر ئۆکرانیا.
جگە لەو قەواراە و دامەزراوانەی ڕووسیا و ئێران کە خراونەتە لیستی سزاکانی یەکێتی ئەوروپاوە، ئێستا چەند کۆمپانیا و قەوارەش لە چین، ئۆزبەکستان، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، سوریا و ئەرمینیاش خراونەتە لیستی سزاکانی یەکێتی ئەوروپاوە.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز/رادیۆ فەردا