بە پێی پێوەرەکانی هەڵاواردنی جێندەری لە جیهاندا، ئێران یەکێکە لە خراپترین وڵاتەکان لە ڕووی یەکسانی جێندەرییەوە

بە گوێرەی دوایین ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی سەبارەت بە هەڵاواردنی جێندەری لە 146 وڵات، ئێران ئەم ساڵ لە ڕیزی پێنج وڵاتی خراپی ڕیزبەندییەکەدایە.

کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە هەڵاواردن و یەکسانی جێندەری لە ساڵی 2023دا ڕایگەیاند کە ئێران لەمساڵدا وەک ساڵی ڕابردوو لە پلەی 143دایە.

پێوەرەکانی هەڵاواردنی جێندەری ساڵانە لەلایەن کۆڕبەندی ئابووری جیهانییەوە بە ئامانجی بەراوردکردنی ئاستی یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە وڵاتانی جیهاندا بڵاودەکرێتەوە.

ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە پێوەرەکانی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و تەندروستی گشتی بۆ ژنان تا بەشداریکردنیان لە کاروباری ئابووری و سیاسی وڵاتەکەیان، هەڵسەنگاندن بۆ یەکسانی نێوان ژن و پیاو دەکات.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، پلەی ئێران بە تایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا ڕووی لەدابەزینی بەردەوام بووە و لە کاتێکدا شەش ساڵ لەمەوبەر پلەی ئەو وڵاتە 138بووە، پێنج ساڵ لەمەوبەر لە ڕووی خراپیەوە دابەزیوە بۆ پلەی 140 و ئێستاش لە پلەی 143دایە.

هەروەها وڵاتی تورکیا لە رێزبەندی ڕاپۆرتەکەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە پلەی 129دایە و نایەکسانی جێندەری لەو وڵاتە بە ڕێژەیەکی زۆر لە بوارەکانی سیاسەت و ئابووری ڕچاوکراوە.

پێنج وڵاتی خوارەوەی ڕیزبەندییەکە بریتین لە پاکستان بە پلەی 142، ئێران بە پلەی 143، جەزائیر بە پلەی 144، چاد بە پلەی 145 و دواجار ئەفغانستان بە پلەی 146.

لە ڕیزبەندییەکەدا وڵاتانی پاکستان، مالی و کۆماری کۆنگۆی دێموکرات لە ڕووی یەکسانی جێندەرییەوە دۆخێکی باشتریان لە ئێران هەیە.

لە لایەکی دیکەوە ئایسلەندا، نەرویج، فینلاند، نیوزلەندا، سوید، ئەڵمانیا، نیکاراگوا، نامیبیا، لیتوانیا ئەو 9 وڵاتەن کە باشترین دۆخیان لەڕووی یەکسانی جێندەرییەوە هەیە.

بەپێی پێوەرە جیهانییەکانی هەڵاواردنی جێندەری بۆ ساڵی 2023، تا ئێستا هیچ وڵاتێک یەکسانی تەواوی جێندەری بەدەست نەهێناوە، هەرچەندە ئەو نۆ وڵاتە ئاماژەپێکراوە، لانیکەم 80% کەلێنی نێوان ژن و پیاویان پڕ کردووەتەوە و نزیک بوونەتەوە لە یەکسانی جێندەری، بەتایبەت ئایسلەندا کە بە پێی ڕاپۆرتەکە 91.2% کەلێنەکانی پڕ کردووەتەوە و باشترین وڵاتە لە رێزبەندی ڕاپۆرتەکەی ئەمساڵدا سەبارەت بە یەکسانی.

بەگوێرەیڕاپۆرتەکەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی، دۆخی ئەمەریکاش لە ڕووی یەکسانی جێندەرییەوە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

ئەمەریکا لە کۆی 146 وڵاتی ئەمساڵدا کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، لە پلەی 43دایە، واتە لە خوار وڵاتی کۆڵۆمبیاوەیە. ساڵی ڕابردوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پلەی 27دا بوو.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە بە پێی ڕێژەکان کە لە ماوەی ساڵی 2006 بۆ 2023 کاری لەسەر کراوە، 162ساڵ دەخایەنێت تاکو کەلێن و هەڵاواردنی جێندەری لە ڕووی سیاسیەوە لە نێوان ژن و پیاودا نەمێنێت و هەروەها 169ساڵیش دەخایەنێت تاکو یەکسانی جێندەری لەبواری بەشداریکردن و دەرفەتی ئابووریدا بێتە ئاراوە.

لەو ریزبەندییەدا پلەی یەک بۆ باشترین وڵات لە ڕووی ڕچاوکردنی یەکسانی جێندەرییەوە دانراوە و پلەی 146یش بۆ خراپترین وڵات.