ئێران دەڵێت وتووێژی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمەریکا لە ڕێگەی عومانەوە بەردەوام بووە

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند وتووێژە ناڕاستەوخۆکانیان لەگەڵ ئەمەریکا لە ڕێگەی سەڵتەنەتی عومانەوە سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناوکی و ئەگەری ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان بەردەوام بووە.

بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە مێژە بابەتی لێکۆڵینەوەی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا بووە کە بووەتە هۆی سەپاندنی ئەو سزایانەی ئابوری ئێرانیان پەک خستووە.

ڕێککەوتنێکی ساڵی 2015، یارمەتی یارمەتی تارانی دا بۆ سوککردنی سزاکان لەسەری لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ناوکییەکەی، پێش ئەوەی لە ساڵی 2018دا بەهۆی کشانەوەی یەکلایەنەی ئەمەریکا ڕێککەوتنەکە تێکبچێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەردوو وڵات ئەو هەواڵە میدیاییانەیان ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن نزیک بوونەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کاتی بۆ جێگرتنەوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە گوتی " ئێمە پێشوازی لە هەوڵەکانی بەرپرسانی عومان دەکەین و لە ڕێگەی ئەم ناوبژیوانەوە پەیاممان لەگەڵ لایەنی بەرامبەر ئاڵوگۆڕ کرد" سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکانی ئەمەریکا.

لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانی هەفتانەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرگیز پرۆسە دیپلۆماسییەکانمان ڕاگرتووە"، جەختیشی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکان "نهێنی نەبوون".

پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان تاران و واشنتۆن لە ساڵی 1980 دوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979ی بە سەرکردایەتی ئایەتوڵا ڕوحوڵا خومەینی، تێکچوو.

هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.

ئایەتوڵا خامنەئی ڕێبەری باڵای ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕەتکردنەوەی هەنگاوەکانی بەرەو بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دووپات کردەوە.

هەروەها وتی دەتوانرێت ڕێککەوتنەکان بکرێت، بە مەرجێک "ژێرخانی ئێستای پیشەسازی ئەتۆمی" نەگۆڕێت.

ئێران و ئەمەریکای دوژمنی سەرسەختی لە دانوستانەکان بە ڕێگای عوماندا تاوتوێی ئەگەری ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانیشیان کردووە.

کەنانی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە دەکرێت بەمزووانە ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا ڕووبدات، ئەگەر ئەمەریکاش بە ئەندازەی ئێران نیازپاکی پیشان بدات، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی ڕابەری باڵای ئێران ئاماژەی دا بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ ڕۆژئاوادا.

لانیکەم سێ ئێرانی-ئەمەریکایی لە ئێران دەستبەسەرن، لەنێویاندا بازرگان سیامەک نەمازی، کە لە مانگی دەی ساڵی 2015وە دەستگیرکراوە و بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بە 10 ساڵ زیندانی سزای بەسەردا سەپێندرا.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئێران شەش هاووڵاتی ئەوروپایی ئازاد کرد و دیپلۆماتکارێکی ئێرانی بە ناوی ئەسەدوڵا ئەسەدی کە بە تاوانی تیرۆر سزا درابوو و لە بەلجیکا زیندانی کرابوو، وەرگرتەوە.

کەنانی هەروەها ڕەتیکردەوە ئێران کەرەستەی بۆ "دروستکردنی کارگەیەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان" بۆ ڕووسیا دابین کردبێت.

جۆن کیربی وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی هۆشداری دا کە ڕووسیا کەرەستە لە ئێران وەردەگرێت بۆ دروستکردنی کارگەیەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر خاکەکەی.

کەنعانی گوتی " ئێمە هەر جۆرە تۆمەتێک سەبارەت بە هەناردەکردنی چەک بۆ ڕووسیا بۆ بەکارهێنانی لە شەڕی دژی ئۆکرانیا ڕەتدەکەینەوە."

سەرچاوە: فرانس پرێس