لە ئەنجامی پێکدادانێکی دەگمەنی سنووری، سێ ئیسرائیلی و میسرییەک دەکوژرێن

گریانی سەربازێکی ئیسرائیلی لە دوای ڕووداوی تەقەکردنەکەی سنووری میسر و ئیسرائیل

لە شەڕێکی چەکداری دەگمەنی نێوان پاسەوانی سنووری ئیسرائیل و میسر کە ڕۆژی شەممە،3ی مانگی شەش ڕوویدا، سێ سەربازی ئیسرائیلی و پاسەوانێکی میسری دەکوژرێن.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندوە کە شەڕ و پێکدادانەکان لە شەوەوە دەستیپێکردووە کاتێک پاسەوانانی سنوور هەوڵیانداوە ڕێگری لە قاچاخکردنی ماددە هۆشبەرەکان بکەن بۆ ناو خاکی ئیسرائیل.

هەروەها سوپای میسر ڕایگەیاندووە کە پاسەوانێکی سنووری ئەو وڵاتە لەکاتی بەدواداچوون بۆ قاچاخچییەکانی مادەی هۆشبەر، بازگەیەکی ئەمنی سنووری بەزاندووە و لەگەڵ سەربازانی ئیسرائیل تەقەیان لەیەکتر کردووە کە لە ئەنجامدا خۆی و سێ پاسەوانی سنووری ئیسرائیل کوژراون.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد لێکۆڵینەوەکان بە هاوکاری تەواوی سوپای میسر بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان.

لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، ئەمە یەکەم ڕووداوی کوشندەی لەو چەشنەیە کە لەسەر سنووری ئیسرائیل و میسر ڕووبدات.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە یەکێک لەو سێ پاسەوانە سنوورییەی کە لەم ڕووداوەدا گیانیان لەدەستداوە، پاسەوانێکی ژن بووە.

بیابانی سینا لە میسر زۆربەی کات جەولانگای ئیسلامییە چەکدارەکان و هەندێکجاریش بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانە. ئیسرائیل و میسر لە ساڵی 1979 پەیمانی ئاشتییان واژۆ کرد و لەو کاتەوە پەیوەندییەکی ئەمنی نزیکیان پێکەوە هەیە.

سەرچاوە/ئەسۆشیەیتد پرێس