سەرۆکی بەڕازیل بانگهێشتی پوتن بۆ سەردانی ڕووسیا ڕەتدەکاتەوە

بیست و شەشەمین کۆڕبەندی ئابووری نێودەوڵەتی لە سەنت پیتەرزبورگ بڕیارە لە 14 تا 17ی مانگی شەش بە ئامادەبوونی بەشێک لە سەرۆکی وڵاتانی جیهان بەڕێوەبچێت.

لویز ئیناسیۆ لولا داسیلڤا سەرۆکی بەڕازیل بڕیاربوو بەشداری دانیشتنەکان بکات، ئەمەش دوای بانگهێشتی فەرمی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا.

لەئیستادا سەرۆکی بەرازیل بە ئاماژەدان بە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی "سوپاسی سەرۆکی ڕووسیام کرد بۆ بانگهێشتکردنی بۆ کۆڕبەندی ئابووری نێودەوڵەتی لە سەنت پیتەرزبورگ و پێم گووت کە لە ئێستادا ناتوانم گەشت بۆ ڕووسیا بکەم."

ئەو سیاسەتمەدارە چەپە هەروەها ئاماژەی بە شەڕی دەستدرێژی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "بەڕازیل هاوشێوەی هیندستان و ئەندەنوسیا و چین ئامادەیە لەگەڵ هەردوو لایەنی ململانێ سەربازییەکە قسە بکات لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی".

کرێملین ڕایگەیاندووە ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لەلایەن سەرۆکی بەڕازیلەوە کراوە و لەو گفتوگۆیەدا پوتن سەرۆکی بەڕازیلی لە هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ دۆخی ئۆکرانیا و ئامادەیی ڕووسیای بۆ گفتوگۆ لەسەر ئاستی سیاسی ئاگادارکردووەتەوە.

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لولا داسیلڤا هاوشانی حکومەتی چین لە بواری نێوەندگیری نێودەوڵەتی لە شەڕی ئۆکرانیادا چەندین هەنگاوی هەڵگرتوە.

سەرۆکی بەڕازیل لە سەردانەکەیدا بۆ چین لە مانگی چواری ئەمساڵدا، ڕەخنەی لە هاوکارییە سەربازییەکانی ناتۆ و وڵاتانی دیکە بۆ ئۆکرانیا گرت، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی وڵاتانی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لێکەوتەوە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز