دەنگدانی هاووڵاتیانی تورکیای دانیشتووی دەرەوەی وڵات دەست پێدەکات

لە کاتێکدا تەنها هەشت ڕۆژ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی تورکیای دانیشتووی دەرەوەی وڵات ڕۆژی شەممە 20ی ئەم مانگە دەنگدانی خۆیان دەستیپێکرد.

بە پێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی سەر بە حکومەتی تورکیا، دەنگدانی هاووڵاتیانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات تا 24ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و ئەوانەش کە دەیانەوێت لە دەروازە گومرگییەکان دەنگ بدەن، تا 28 مانگ کاتیان دەبێت دەنگەکانی خۆیان بخەنە سەندوقەکانی دەنگدانەوە.

ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕایگەیاندوە 167 بنکەی دەنگدان لە 73 وڵات دەستیان بە کارەکانیان کردووە.

پاش ئەوەی هیچ کاندیدێک لە سێ کاندیدەکەی سەرۆکایەتی تورکیا لە 14 ی مانگی 5 نەیانتوانی زۆرینەی %51 بەدەستبهێنن، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان( YSK) ڕایگەیاند لە 28 ی مانگی پێنجدا گەڕی دووهەمی هەڵبژاردن لە نێوان کەمال کلیچدارئۆغڵو و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجام دەدرێت.

بەپێی ئەو ئامارە کۆتاییەی کە ئەمڕۆ شەممە ڕاگەیەندرا، لە قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا، لە کۆی 64 ملیۆن دەنگدەر، 87%یان دەنگی خۆیان خستوەتە ناو سندوقەکانی دەنگدانەوە.

لە کۆی سێ ملیۆن و 424 هەزار هاووڵاتی تورکیا کە لە دەرەوەی وڵات دەژین، زیاتر لە یەک ملیۆن و 691هەزار کەس بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا کردوە.

زیاتر لە نیوەی ئەو هاووڵاتیانەی تورکیا کە لە دەرەوەی وڵات دەژین و مافی دەنگدانیان هەیە لە ئەڵمانیا دەژین و زۆرینەیان لە هەڵبژاردنی ڕۆژی 14ی ئەم مانگە، دەنگیان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئێستای ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدانەکەی داوە.

بەشێک لەم هەواڵە لە ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکیا وەرگیراوە