ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە گەیشتە ژاپۆن و لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی گرووپی حەوت کۆبوویەوە.
ئامادەبوونی زێلێنسکی لە ژاپۆن بۆ داواکردنی گوشاری زیاترە بۆ سەر مۆسکۆ لەلایەن زلهێزە جیهانییەکانەوە.
بەهێزکردنی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ ئۆکرانیا لەکاتێکدا خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ هێرشی بەرپڕچدانەوە و گرتنەوەی ئەو خاکەی لەلایەن ڕووسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە، یەکێک لە ئەولەویەتە گرنگەکانە بۆ ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا.
ئامادەبوونی زێلێنسکی لە کۆبوونەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ شەممە ئەمەریکا پشتگیری خۆی بۆ بەرنامەی ڕاهێنانی فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکان بۆ فڕینی فڕۆکەی ئێف 16ی دروستکراوی ئەمەریکا ڕاگەیاند.
ڕاهێنان و پێشکەشکردنی فڕۆکەی ئێف 16 نزیکەی 18 مانگ دەخایەنێت و بەڕێوبەرایەتی بایدن ڕایگەیاندووە کە ڕاهێنانی فڕۆکەوانانی نەوەی چوارەمی فڕۆکەی ئێف 16 لە ئەوروپا ئەنجام دەدرێت.
زێلێنسکی هەر کە گەیشتە ژاپۆن بەو فڕۆکەیەی کە فەرەنسا بۆی دابین کردبوو، لە تویتێکدا نووسی " ژاپۆن، گروپی حەوت، کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ هاوبەش و دۆستانی ئۆکرانیا و ئاسایش و زیادکردنی هاوکاری بۆ سەرکەوتنمان. ئەمڕۆ ئاشتی لە ئێمە نزیکتر دەبێتەوە."
بەرپرسێکی یەکێتیی ئەورووپا کە نەیویستوە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندوە کە زێلێنسکی ڕۆژی یەکشەممە بەشداری دوو کۆبوونەوەی جیاواز دەبێت. کۆبوونەوەیەک تەنها لەگەڵ ئەندامانی گروپی حەوت دەبێت کە تیشک دەخاتە سەر شەڕی ئۆکرانیا و کۆبوونەوەکەی دیکەش کە تیشک دەخاتە سەر "ئاشتی و سەقامگیری" لەگەڵ ئەندامانی گروپی حەوت و وڵاتانی دیکەی بانگهێشتکراو بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیەدا دەبێت.
سەرچاوە/ئەسۆشیەیتد پرێس