ڕێکخراوی لێبوردنی جیهانی: ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران و سعودیە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە

ڕێکخراوی لێبوردنی جیهانی (ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ) ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر لەسێدارەدانەکانی جیهانی بڵاو کردووتەوە و تیایدا دەڵێت لە ساڵی 2022دا "لانیکەم 883 حاڵەتی لەسێدارەدان" لە 20 وڵاتی جیهاندا ڕوویداوە.

ڕێکخراوەکە دەڵێت ڕێژەی لەسێدارەدان بە %53 لە ساڵی 2022 دا بەزبووەتەوە.

نزیکەی %90 ی لەسێدارەدانەکانی جیهان لەم سێ وڵاتدا ئەنجام دراوە:

ئێران

لە ساڵی ڕابردوو بەلایەنی کەم 576 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون.

لەسێدارەدان بە تۆمەتی کوشتن و تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی بەرچاو هۆکاری بەرزبوونەوەی ژمارەی لەسێدارەدانەکانی ئێران بوون. لەسێدارەدان بە تۆمەتی کوشتن بە ڕێژەی %75 لەو وڵاتەدا زیادی کردووە و ساڵی 2021 ژمارەکە 159 بوو و لە ساڵی 2022 بەرزبووەتەوە بۆ 279 و لەسێدارەدان بەهۆی تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانیش لە سەدا %زیادی کردووە و لە 132 ی ساڵی 2021 وە بەرزبووەتەوە بۆ 255 لە 2022.

بەلایەنی کەم 5 کەس لە ساڵی 2022 لە ئێران بە هۆی تاوانێک لەسێدارە دراون کە پێش تەمەنی 18 ساڵی ئەنجامیان داوە.

عەرەبستانی سعودیە

لە ساڵی ڕابردوو 196 کەس لە عەرەبستانی سعودیە لەسێدارەدان کە ئەمەش بەرزترین ئاستەوە لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردووەوە لەلایەن ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییەوە لەو وڵاتە تۆمارکرابێت.

زیادبوونی لەسێدارەدانەکان لەو وڵاتەدا دەگەڕێتەوە بۆ تاوانەکانی پەیوەست بە تیرۆر و دەستپێکردنەوەی لەسێدارەدان بۆ تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان.

لە ساڵی 2021 بە تاوانی تیرۆر 9 کەس لەسێدارە درابوون بەڵام لە 2022 ئەو ژمارەیە بەرزبووەتەوە بۆ 85کەس. بۆ بابەتەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە ساڵی 2021 هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکرابوو بەڵام لە ساڵی 2022 دا 57 حاڵەتی لەسێدارەدان بۆ ئەو تاوانە هەبووە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت لە مانگی سێ دا تەنها لە ڕۆژێکدا 81 کەس لە عەرەبستانی سعودیە لەسێدارە دراون.

میسر

هەرچەندە میسر لە ساڵی 2022 دا ژمارەی لەسێدارەدان تیایدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە بەڵام هێشتا سێهەم وڵاتە لە جیهاندا دوای ئێران و عەرەبستانی سعودیە. لە ساڵی 2021دا 83 کەس لە میسر لەسێدارە درابوون بەڵام ئەو ژمارەیە لە ساڵی ڕابردوو دابەزیوە بۆ 24 کەس.

ڕێکخراوی لێبوردنی جیهانی دەڵێت لە ساڵی 2022 دا لەسێدارەدانی 13 ژن تۆمارکراوە کە 12 لەوانە لە ئێران بوون و یەکێکیان لە عەرەبستانی سعودیە.

ژمارەیەک وڵاتیش کە لە ساڵی 2021 هیچ حاڵەتێکی لەسێدارەدان تیایاندا تۆمار نەکرابوو لە ساڵی 2022 حاڵەتیان هەبووە، کویەت 7 حاڵەت، میانمار 4، دەسەڵاتی فەلەستینی 5 و سینگاپور11. لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش بە بەراورد لەگەڵ 11 حاڵەتی ساڵی 2021 لە ساڵی ڕابردوو ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ 18 حاڵەت.

بە پێچەوانەشەوە لە ژمارەیەک وڵاتی جیهاندا ژمارەی لەسێدارەدان بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2021دا کەمی کردووە لەوانەدا لە عێراق لە 17 کەسەوە کەمبووەتەوە بۆ 11 کەس، لە ژاپۆن لە سێ کەسەوە بۆ 1، لە سۆماڵیا لە 21 کەسەوە بۆ 6، لە سودانی باشور لە 9 وە بۆ 5 و لە یەمەن لە 14 وە بۆ 4.

ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوەی لێبوردنی جیهانی زانیارییەکانی لەسێدارەدانی لە چین، کۆریای باکوور، و ڤێتنام تێدا نییە چونکە لەو وڵاتانەدا لەسێدارەدان بە نهێنی دەوڵەت دادەنرێت و زانیاری ئاشکرا ناکرێت.