بەلجیکا پیاوێک دەستگیردەکات بە تومەتی تەقینەوەکانی بەغدا و ئەندامێتی لە گروپی ئەلقاعیدە دا

عێراق

داواکاری گشتی فیدراڵی بەلجیکا ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند پۆلیسی بەلجیکا تۆمەتبارێکی دەستگیرکردووە کە ڕەگەزنامەی عێراقی هەیە بە تۆمەتی بەشداریکردنی لە زنجیرە تەقینەوەکانی بەغدا لە چوارچێوەی شانەیەکی ئەلقاعیدەدا.

تۆمەتبارەکە لە ساڵی 2015ەوە دانیشتووی بەلجیکایە و پێدەچێت بەشێوەیەک لە شێوەکان بەرپرسیار بێت لە چەند تەقینەوەیەک لە ناوچەی سەوزی بەغدا لە ساڵانی 2009 و 2010 کە بەهۆیەوە لانیکەم 376 کەس کوژراون و زیاتر لە 2300 کەسیش برینداربوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێرشەکان بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر چەند بینایەکی حکومی لەنێو ئەوانی دیکەدا ئەنجامدراون.

تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ساڵی 1979یە، ڕۆژی 3ی مانگی 5 دەستبەسەرکراوە و بە چەندین تاوانی کوشتن بە مەبەستی تیرۆریستی، بەشداریکردن لە چالاکییەکانی تاقمێکی تیرۆریستی، تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی تۆمەتبارکراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز