زیاتر لە 130 ئەندامی کۆنگرێس داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکەن سوپای پاسداران بخەنە لیستی گروپە تیرۆرستییەکانەوە

زیاتر لە 130 ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات، لە نامەیەکدا کە ئاراستەی یەکێتیی ئەورووپایان کردووە، داوا دەکەن سوپای پاسداران بخرێتە لیستی گروپە تیرۆریستییەکانەوە.

لەم بەیاننامەیەدا کە بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس لە ماڵپەڕەکانیاندا بڵاویان کردووەتەوە و ئاراستەی جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا کراوە، نوسراوە "حکومەتی کۆماری ئیسلامی گەورەترین دەوڵەتە کە پشتیوانی تیرۆر دەکات . دەیان ساڵە سوپای پاسداران هاووڵاتیانی وڵاتانی دیکەی کردووەتە ئامانج، لەوانەش یەکێتی ئەوروپا."

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە " ئێمە لە ئاڵۆزییە یاساییەکانی خستنەڕووی سوپای پاسداران لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکان تێدەگەین، بەڵام زیادبوونی هەڕەشەکانی ئێران لە دژی ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە وای لێکردین کە داواتان لێبکەین دەستبەجێ کار لەسەر ئەم کێشەیە بکەن."

ئەندامی کۆنگرێس کاتی مانینگ لە کۆمیتەی کاروباری دەرەوەیی ئەنجومەنی نوینەران لە تویتێکدا دەڵێت "ساڵانێکە سوپای پاسدارانی ئێران پشتگیری و بەشداری لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و چالاکییە تیرۆریستییەکاندا کردوو."

دەشڵێت ئەمڕۆ لەگەڵ ئەندامی کۆنگرێس تام کەین و بیل کێتینگ سەرۆکایەتی گروپێکی زیاتر لە 130 کەسی دەکەم، داوا لە یەکێتی ئەورپ دەکەین سوپای پاسداران وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆرستی دەستنیشانبکات.

ئەم نامەیە ئاماژەیە بۆ دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەیەک دەکات کە دەریدەخات کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لانیکەم 33 حاڵەتی پیلانگێڕی بۆ ڕفاندن و تیرۆرکردنی هاووڵاتییان لە ئەوروپا یان سیخوڕیکردن بەسەریاندا ڕێکخستووە.

لە دوای ناڕەزایەتییەکانی شەش مانگی ڕابردوو لە ئێران، کۆمەڵێک لە ئێرانییەکان خوازیاری ئەوە بوون سوپای پاسداران بخرێتە ناو لیستی گروپە تیرۆریستییەکانی یەکێتیی ئەورووپاوە. هەرچەندە بەشێک لە ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئەم کارەدان، بەڵام هێشتا یەکێتیی ئەورووپا ئەو کارەی نەکردووە. پێشتر جۆزێپ بۆرێل دژی ئەم کارە بوو و ڕایگەیاندبوو کە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە بۆ ئەوەی سوپای پاسداران بخرێتە ناو لیستی گروپە تیرۆریستییەکانی ئەوروپاوە.

ئەمەریکا لە مانگی چواری 2019 و سەردەمی سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپ سوپای پاسدارانی بە گروپی تیرۆریستی دەستنیشان کرد.