ماڵپەری مافی مرۆڤی هرانا ڕایگەیاندوە کە ڕۆژی چوارشەممە 22ی ئەم مانگە لاوێکی تەمەن 19 ساڵانی خەڵکی بانە بە ناوی بێهزاد عەزیزی بە تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانی لەدەست داوە.
هرانا وەک دەزگایەکی هەواڵی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ نووسیوێتی ئەو هاووڵاتیە شۆفێری ئۆتۆمبێلی هەڵگری کۆڵبەران بووە کە دوای گەڕانەوەی لە سنور لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەستداوە.
ڕاپۆرتەکەی هرانا بە پشتبەستن بە هەواڵەکانی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لەو بارەیەوە نووسیوێتی کە تەقەکردنەکە کاتێک ڕوویداوە کە بێهزاد عەزیزی لە ڕێگای گەڕانەوەدا بووە بۆ زێدی خۆی و لە بازگەی پشکنینی کەریم ئاوا لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و کوژراوە.
ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز کە بە زۆری هەواڵەکانی تایبەت بە کۆڵبەران ڕادەگەیەنێت، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندوە کە لە ماوەی ساڵێکدا، واتە لە مانگی 3ی ساڵی 2022 تا مانگی 3ی ساڵی 2023 بە گشتی 39 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕەقبوونە و تەقینەوەی مین و کەوتنەخوارەوە لە شاخەکان گیانیان لەدەستداوە و 195 کەسیش بریندار بوون.
کۆڵبەر نیوز لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا نووسیوێتی لەو ژمارەیەی کە گیانیان لەدەستداوە، 27 کەسیان بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بووە.
ڕێژەی بێکاری لە شارەکانی کوردستان لە ئێران زۆرە و هەر بۆیەش ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە بۆ پەیداکردنی پارە ناچارن ڕوو لە كۆڵبەری بکەن.