گروپی جیهادی ئیسلامی دەڵێت سەرکردەیەکی لە سوریا کوژراوە

گروپی چەکداری "جیهادی ئیسلامی" کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند یەکێک لە فەرماندەکانی لە سوریا کوژراوە و دەستبەجێ ئیسرائیلی بەو ڕووداوە تۆمەتبار کردووە.

گروپەکەی کە نێوەندی لە کەرتی غەززەیە، ڕایگەیاند عەلی ڕەمزی ئەلئەسوەدی تەمەن 31 ساڵ سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە "لەلایەن پیاوانی دوژمنی زایۆنیستی (ئیسرائیلی)ەوە لە گوندەکانی سەر بە دیمەشقی پایتەختی سوریا کوژراوە."

بەرپرسێکی جیهادی ئیسلامی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "کوشتنەکە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ بووە لە نزیک ماڵەکەی."

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەسوەد پەنابەرێکی فەلەستینییە و لە کەمپێکی سوریا و بە ئەبو عابد ئەلرحمان ناسراوە، ئەندامی باڵی چەکداری لیوای قودسی ئەو گرووپە بووە.

زۆرێک لە سەرکردە باڵاکانی ئەم گرووپە لە دیمەشق جێگیرن و ئەمەش دوایین هەواڵی کوشتنی کەسێکیانە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرابێتە ئامانج.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لە سوریا لە ساڵی 2011ەوە، ئیسرائیل سەدان هێرشی لەو وڵاتە ئەنجامداوە و سەربازانی حکومەت و هەروەها هێزەکانی سەر بە ئێران و چەکدارانی حزبوڵای لوبنانی کردووەتە ئامانج.

سوپای ئیسرائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر هێرشەکانی دژ بە سوریا دەدات، بەڵام چەندین جار بەڵێنی داوە بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی بۆ ئەوەی چالاکییەکانی دوژمنە سەرسەختەکەی ئێران، لە ناوچەکەدا بوەستێنێت.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆگایەکی چەک لە سوریا، ئەفسەرێکی سوپا و دوو چەکداری لایەنگری ئێرانی تیادا کوژران.

سەرچاوە: فرانس پرێس