ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا واژۆی لەسەر پلانی ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی ڕووسیا كرد بۆ دامەزراندنی ناوەندێكی گازی سروشتی رووسیا لە تورکیا.
ئهردۆغان گوتی "توركیا به ڕازیبوون به پلانهكهی پوتن دهرفهتێكی گرنگی مسۆگهر كردووه."
گوتیشی" لە ئێستادا وڵاتانی ئەوروپی لە گەڕاندان بۆ ئەوەی بزانن لە کوێی پێداویستی غازی سروشتیان دەست دەکەوێت، سوپاس بۆ خوا تورکیا کێشەیەکی لەو شێوەیەی نییە. بەهیوای ئەوەی بەم زووانە ببینە ناوەندێک بۆ دابینکردنی غازی سروشتی."
هەفتەی ڕابردوو پوتن ڕایگەیاند، ئەو غازە لە ڕێگەی تورکیاوە لە بۆرییەکانی نۆرد ستریمی ژێر دەریای باڵتیکەوە دەگوازرێتەوە، کە مانگی ڕابردوو بەهۆی تەقینەوەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ڕووسیا لە ئێستاوە غازی بۆری تورکستریمی تورکیا لە ژێر دەریای ڕەشدا دابین دەکات. بەڵام کرێملین دانی بەوەدانا کە بۆرییەکە توانای زیادەی سنووردار کردووە.
پێشنیازی ناوەندەکەی پوتن لە کاتێکدایە کە ئەنقەرە هەوڵدەدات خۆی وەک جێگرەوەیەک بۆ وزەی ڕووسیا بۆ ئەوروپا دابنێت، وەک ئیبراهیم کالین وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا جەختی لەسەر کردەوە.
کالین گوتی، "ئۆفەری پوتن زۆر گرنگە. بەڵام ئەگەر ئەوروپا بە دوای جێگرەوەیەکدا بگەڕێت لە غازی ڕووسیا، دوو شوێن هەیە کە دەتوانێت بیدۆزێتەوە: لە ڕێگەی بۆرییەکەوە لە ئازەربایجانەوە کە بەناو تورکیادا تێدەپەڕێت، هەروەها ئەگەری غازی ئێرانیش لە داهاتوودا، بەڵام دیسانەوە بە بەکارهێنانی بۆرییەکانی تورکیا دەبێت.