وەزارەتی یەکگرتنەوەی خاکە داگیرکراوەکانی کاتی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 600 شوێنی نیشتەجێبوونیان لە دەست داگیرکارییەکانی ڕووسیا ڕزگارکردووە، کە 75 شوێنی نیشتەجێبوونیان دەکەونە ناوچەی خێرسۆنی ستراتیژییەوە.
وەزارەتەکە درەنگانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، نزیکەی 502 شوێنی نیشتەجێبوون لە ناوچەی باکوری ڕۆژهەڵاتی خارکیڤ ئازاد کراون کە هێزەکانی ئۆکرانیا مانگی ڕابردوو پێشڕەوییان کردووە بۆ قووڵایی هێڵەکانی پێشەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد لە ناوچەی دۆنێتسک 43 شوێنی نیشتەجێبوون و لە هەرێمی لوهانسک حەوت شوێنی نیشتەجێبوون ئازادکراون.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا لە پێگەی تایبەتی خۆی ڕایگەیاند: ڕووبەری ناوچە ئازادکراوەکانی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ڕۆیتەرز نەیتوانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاستی ڕاپۆرتەکانی بەرەکانی جەنگ بکاتەوە و هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی دەستبەجێ لەلایەن سوپای ئۆکرانیا و نووسینگەی سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکییەوە نەبووە.
خێرسۆن، دۆنێتسک و لوهانسک لەگەڵ زاپۆریزژیا، لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا لەلایەن مۆسکۆوە 'لکێنران' بە خاکی ڕووسیاوە، لە کاتێکدا دژە هێرشی هێزەکانی ئۆکرانیا بە خێرایی لە باکووری ڕۆژهەڵات و باشوور پێشڕەوییان کرد. ئەو لکاندنە لەلایەن کیێڤ و ڕۆژئاواوە بە نایاسایی لە قەڵەم دران و سەرکۆنە کران.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز