ئۆکرانیا: شارۆچکەکانی نزیک لە وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا تۆپباران کراون

بەرپرسانی ناوخۆی ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند کە تۆپخانەکانی ڕووسیا لەکاتی شەودا تۆپبارانی شارۆچکەکانی ئۆکرانیایان کردووە، ئەو ناوچانەی کە دەکەونە سەر ڕووبارەکە کە وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیای لێیە، ئەمەش بووە مایەی زیادکردنی نەهامەتی دانیشتووانەکەی لە کاتێکدا بەپێی ڕاپۆرتەکان تۆپبارانکردنی دەوروبەری وێستگەکە ترسی کارەساتی تیشکدانەوەیان بەرزتکردۆتەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا تۆپبارانی زیاتری ئۆکرانیا بۆ سەر وێستگەکە ڕوویداوە، ئەمەش تەنها ڕۆژێک دوای ئەوەی مۆسکۆ و کیێڤ یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە ئامانجگرتنی گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی ئەوروپا، ئەمەش نیگەرانییەکی گەورەی نێودەوڵەتی لێکەوتۆتەوە.

کۆمپانیای ئەتۆمی ئۆکرانی ئێنێرگۆاتۆم ڕایگەیاندووە کە هیچ زانیارییەکی نوێیان نییە سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر وێستگەکە.

دامەزراوەکە هەر لە مانگی 3 ەوە لە هێڵی پێشەوەی باشوری شەڕەکەدا لەلایەن سەربازانی ڕووسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە، بەڵام هێشتا لەلایەن ستافی ئۆکرانییەوە بەڕێوەدەبرێت، یەکێک بووە لە شوێنە گەرمەکانی شەڕەکە کە ماوەی شەش مانگە بەردەوامە.

ئۆلێکساندر ستاروخ، پارێزگاری ناوچەکە، ڕۆژی یەکشەممە لە ئاپی تێلیگرام رایگەیاند، هێزەکانی رووسیا تۆپبارانی شاری زاپۆریژیای سەرەکی ناوچەکە کردووە کە نزیکەی دوو کاتژمێر بە ئۆتۆمبێل لە کارگەکەوە دوورە، و هەروەها تۆپبارانی شارۆچکەی ئۆریخیڤیاشیان کردووە لە رۆژهەڵات و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانیان تۆپباران کردووە.

ڕۆژی شەممە ستاروخ بە تەلەفزیۆنی ئۆکرانی ڕاگەیاند کە دانیشتووان ڕاهێنانیان پێدەکرێت لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی یۆد لە ئەگەری دزەکردنی تیشکدا.

سوپای ئۆکرانیا لە ڕاپۆرتی ڕۆژانەی خۆیاندا ڕایگەیاندووە کە نۆ شارۆچکەی دیکەی ناوچەکە لە بەرامبەر ڕووباری دنیپرۆ نزیک لە کارگەکە تۆپباران کراون، لە کاتێکدا ئاژانسی RIA لە زاری وەزارەتی بەرگری ڕووسیاوە بڵاویکردووەتەوە، هێزە ئاسمانییەکەی لە فڕۆکەیەکی جۆری مۆتۆر سیچ (MSICH.UAX) ی داوە کە بۆردومانی کارگەیەکی کردووە لەو ناوچەیەی کە کۆپتەرەکانی تێدا چاکدەکرێنەوە.

ڕۆیتەرز نەیتوانی ئەو ڕاپۆرتانە پشتڕاست بکاتەوە.

ئیگۆر كۆناشینكۆڤ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، 9 گولەی تۆپخانەكانی ئۆكرانیا لە دوو هێرشی جیاوازدا ئاڕاستەكراون و بەر گۆڕەپانی وێستگەی ئەتۆمیەکە کەوتوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان و کیێڤ داوای کشانەوەی هێزەکان دەکەن لەو ناوچەیەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز