عەلی حەمە ساڵح: نوسراوێکی پارێزگار خراپ بەکارهێنراوە و هەزاران پارچە زەوی پێ تەخشان و پەخشان کراوە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، 65 هەزار پارچە زەوی لە سلێمانی بێ فەرمانی وەزاری و ڕێوشوێنە یاساییەکان، بە شۆفڵ و گرێدەر مەتر مەتر کراون و فرۆشراون، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە هەندێک زەوی یە گرانبەهاکانی هەولێریش کراون بە ڤیلا و هەر ڤێلایەک بە 2 بۆ 4 ملیۆن دۆلار دەفرۆشرێت.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت"زەوی داگیرکردن لە سلێمانی جیاوازە لە ناوچەکانی تر، لە ناوچەکانی تر مۆڵەت وەردەگیرێ و شتەکان بە ناوی وەبەرهێنانەوە دەکرێن، لە کاتێکدا لە سلێمانی شۆفڵ و گرێدەر هێنراوە و پارچە زەویەکی گەورە کراوەتە دەیان پارچە زەوی دووسەد مەتری و فرۆشراون، بێ ئەوەی ئەم زەوی یانە، مۆڵەت و فەرمانی وەزاری و هیچ پێشینەیەکیان هەبێت."

ڕوونیشیکردەوە، لە هەولێر زەوی گرانبەها، بۆ نموونە زەویەک لە بەرامبەر فرۆکەخانە هەبوو، ئەم زەوییە نادرێتە کەس، گەر سەد ساڵیش داوای بکات، وتی"ئەم زەوی یە 682 دۆنمە و بەهاکەی نزیکەی دوو ملیار دۆلارە، دێن مۆڵەتێکی وەبەرهێنانی بۆ وەردەگرن، ئەیکەنە پرۆژەی وەبەرهێنان و ڤێلا، هەر ڤێلایەک بە دوو بۆ چوار ملیۆن دۆلار دەیفرۆشن، واتە ئەمە بە یاسایی کراوە، بەڵام یاساکە تەنها بۆ ئەو هەیە، لەکاتێکدا ئەمەی لە سلێمانی کراوە فەوزایە."

بەپێی وتەی عەلی حەمە ساڵح، تا ساڵی ڕابردوو، 45 هەزار پارچە زەوی لە سلێمانی لەلایەن کەسانی سەربازی و ئەمنییەوە فرۆشراون، ئەمساڵیش نزیکەی 20 هەزار پارچە زەویتر فرشراوە یان دەستی بەسەرداگیراوە، هەموو ئەمانە بەناوی شەهیدانی شەڕی داعشەوە کراون، لە کاتێکدا ژمارەی شەهیدانی داعش ناگاتە 700 کەس، وتی"نوسراوێکی پارێزگاری سلێمانی هەیە، کە زەوی دابەشکردن دەسەڵاتی پارێزگار نیە، کەچی هەر لەخۆیەوە نوسراوێکی کردووە بۆ فەرماندەیی و وتویەتی، زەوی دابەش بکەن بەسەر کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش، ئەم نوسراوە بەکارهێنراوە و هەزاران پارچە زەوی پێ تەخشان و پەخشان کراوە، نوسراوەکەشی لامە، نە ناوی تێدایە، نە شوێن، نە ڕووبەری زەوی، بۆیە بەم نوسراوە هەزاران پارچە زەوی تەخشان و پەخشان کرا."

سەبارەت بە وەڵامی پارێزگار بۆ ئەو نوسراوەی کە کردوویەتی و خراپ بەکارهێنراوە و زەوی دابەش کردن دەسەڵاتی ئەو نیە، عەلی حەمە ساڵەح وتی"بەدواداچوونمان کردووە، وتویەتی ئەوە بۆ شەهیدانی شەڕی داعش بووە، نوسراوەکەم دایە داواکاری گشتی، بەڵام ئەمە لە لوتکەی دەسەڵات و هێزی ئەمنی و سەربازی یەوە کراوە."

عەلی حەمە ساڵەح گوتیشی" کێشەکە تەنها مەتر مەترکردنی 65 هەزار پارچە زەوی و دابەشکردنی نیە، بەبێ تاپۆ و پێشینەی یاسایی، یان مەسەلەکە تەنها خۆ دەوڵەمەندکردنی کۆمەڵێک بەرپرس نییە، یەک دوو ساڵی تر، کێشەی گەورەتری بە دوادا دێت، زەوی هەیە چوار جار فرۆشراوە، دوو سبەی ئەم دێت دەڵێ هی منە و ئەو دەڵێ هی منە، ئیشەکەیان زۆر بە بێ بەرنامە کردووە."

پەرلەمانتارەکەی هەرێمی کوردستان، جەختیشیکردەوە"دوو ساڵە بەدواداچوون بۆ ئەم مەسەلە دەکەم، هیچ بەرپرسێکی حکومی ئامادە نییە قسەی لەسەر بکات، هەمووی خۆی لێ لادەدات."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەلی حەمە ساڵەح پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان ئاشکراشیکرد، زەوی هەیە لە هەولێر 400 دۆنمە، گەر حکومەت بیفرۆشێت لەوانەیە 500 ملیۆن دۆلار بکات، کەچی بە یاسا و بەناوی وەبەرهێنانەوە دەیدەنە بازرگان، بەڵام نەک هەموو بازرگانێک، گوتی"بەناوی پرۆژەی نیشتەجێبوونەوە، بە بەهای نزیکەی 20 ملیار دۆلار زەوی دراوەتە پرۆژە و چەند کەسێکی پێ دەوڵەمەند بووە، لەکاتێکدا لە هیچ شوێنێکی دونیا نیشتەجێبوون وەبەرهێنان نییە، زەوی بێ بەرامبەر بدەیتە خەڵک، بیکاتە ڤیلا و شوقە و بە پارەی خەیاڵی بیفرۆشێت."