هێرۆشیما لە 77 هەمین ساڵیادی بۆمبە ئەتۆمیەکەدا داوای ئاشتی دەکات

ڕۆژی شەممە لە هێرۆشیما زەنگ لێدرا لە کاتێکدا شارەکە 77 ساڵەی یەکەم بۆردومانی ئەتۆمی لە جیهاندا تێدەپەڕێنێت و لە کاتێکدا ڕێبەرانی جیهان بەتایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان دا لە پێشبڕکێیەکی نوێی چەک لە دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

ڕووسیا لە 24 ی مانگی دووی ئەمساڵ هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و دوای ماوەیەکی کەم؛ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا بە ناڕاستەوخۆ ئەگەری هێرشی ئەتۆمی وروژاندبوو. هەروەها ئەو جەنگە نیگەرانی لە سەلامەتی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئۆکرانیا زیاتر کردووە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداری کرد لەگەڵ ئەو هەزاران کەسەی کە لەناو پارکەکەی ئاشتی لە ناوەندی شارەکەدا کۆبووبوونەوە بۆ یادی ئەو بۆردومانەی کە پێش کۆتایی ساڵی 1945 زیاتر لە 140 هەزار کەسی کوشت، تەنها ئەوە دووەمجارە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداری لەو مەراسیمی ساڵانەیەدا دەکات .

گۆتێرێش ڕایگەیاند "چەکی ئەتۆمی شتێکی بێمانایە. ئەوان نابنە زامنکردنی هیچ سەلامەتییەک تەنها مردن و لەناوچوون نەبێت." هەروەها گوتیشی "دوای سێ چارەک سەدە، دەبێت بپرسین چی فێربووین لەو گەواڵە ئاگر و دوکەڵەی کە لە ساڵی 1945 دا باڵیکێشا بەسەر ئاسمانی ئەم شارەدا."

گۆتێرێش ڕاستەوخۆ خۆی بە دوورگرت لە ئاماژەدان بە ڕووسیا کە خودی ڕووسیا خۆی لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا بە "ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت" ناودەبات.

کازۆمی ماتسویی سەرۆکی شارەوانی هێرۆشیما کە ئەمساڵ شارەکەی باڵیۆزی ڕووسیای بۆ مەراسیمەکە بانگهێشت نەکردبوو، زیاتر ئاماژە و ڕەخنەکانی ئاڕاستەی کردەوە سەربازییەکانی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا کرد.

ماتسویی گوتیشی "لە داگیرکردنی ئۆکرانیادا، سەرکردەی ڕووسیا کە بۆ پاراستنی گیان و ماڵی گەلەکەی هەڵبژێردراوە، وەک ئامڕازی جەنگ بەکاریان دەهێنێت، ژیان و بژێوی خەڵکی مەدەنی لە وڵاتێکی جیاوازدا تاڵاندەکات. "

ماتسویی دەشڵێت "لە سەرانسەری جیهاندا ئەو تێڕوانینەی کە ئاشتی پەیوەستە بە ڕێگریکردن لە چەکی ئەتۆمی پێویستی بە هەوڵێکی گەورە هەیە."

"ئەم هەڵانە خیانەت لە ئیرادەی مرۆڤایەتی دەکەن، کە لە ئەزموونەکانی ئێمەوە لە جەنگەوە لەدایکبووە، بۆ گەیشتن بە جیهانێکی ئارام و دوور لە چەکی ئەتۆمی. قبوڵکردنی دۆخی ئێستا و وازهێنان لە ئایدیالی ئاشتی کە بەبێ هێزی سەربازی پارێزراو بێت، هەڕەشەکردنە لە خودی مانەوەی ڕەگەزی مرۆڤ".

لە کاتژمێر 8:15 ی سەر لە بەیانی 6ی مانگی هەشتی ساڵی 1945 فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمەریکی B 29 ئێنۆلا گەی بۆمبێکی بە نازناوی "کوڕە بچووکەکە"ی فڕێدا و شارەکەی تەواو وێرانکرد کە ژمارەی دانیشتووانەکەی بە 350 هەزار کەس مەزەندە دەکرا. هەزاران کەسی دیکە دواتر بەهۆی برینداربوون و نەخۆشییەکانی پەیوەست بە تیشکەوە گیانیان لەدەستدا.

ماتسویی گوتیشی "لە سەرەتای ئەمساڵدا، پێنج دەوڵەتی خاوەن چەکی ئەتۆمی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و گوتیان شەڕی ئەتۆمی ناتوانرێت سەربکەوێت و نابێت هەرگیز ئەنجام بدرێت." کەواتە "بۆچی هەوڵ نادەن بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن؟ بۆچی هەندێک تەنانەت ئاماژە بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکەن. "

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو میخائیل گالوزین باڵیۆزی ڕووسیا لە ژاپۆن لە بەردی یادگەکەدا لە پارکەکەدا گوڵی پێشکەش کرد و بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە میللەتەکەی هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەکارناهێنێت.

کیشیدا کە هێرۆشیمای وەک شوێنی لوتکەی گروپی حەوت ساڵی داهاتوو هەڵبژاردووە، داوای لە جیهان کرد واز لە چەکی ئەتۆمی بهێنێت.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا یەکەم سەرکردەی ژاپۆن کە بەشداری لە کۆنفرانسی پێداچوونەوەی لایەنەکانی پەیمانی نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی (NPT) کرد.

دوای کارەساتی هێرۆشیما لە 9ی مانگی هەشتدا بۆردومانی ئەتۆمی سوپای ئەمەریکا بۆ سەر ناگازاکی ڕوویدا و دەستبەجێ زیاتر لە 75 هەزار کەس کوژران. دوای شەش ڕۆژ ژاپۆن خۆی ڕادەست کرد و کۆتایی بە جەنگی جیهانی دووەم هێنا.

بەپێی بەیاننامەیەکی هەواڵی ژاپۆن کە ڕۆژی شەممە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆنەوە بڵاوکراوەتەوە لە هێرۆشیما، کیشیدا هەروەها بە گوتێرێشی گوتووە کە بە توندی سەرکۆنەی هەڵدانی مووشەکی بالیستیکی ئەم دواییەی چین دەکات بە "بابەتێکی جددی تایبەت بە ئاسایشی ژاپۆن و سەلامەتی خەڵکی ژاپۆن" دایدەنێت.

کیشیدا ئەو دەستەواژانەی دووبارە کردەوە کە ڕۆژێک پێشتر لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نانسی پێلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بەکاریهێنا، کە سەردانەکەی لەم هەفتەیەدا بۆ تایوان بووە هۆی ئەوەی چینێکی توڕە بە چەکی ڕاستی مەشقی زیندوو ئەنجام بدات کە تێیدا پێنج موشەک لە ناوچەی ئابوری تایبەتی ژاپۆن کەوتنەخوارەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کیشیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای ئەو کارەی چین کە "کاریگەری زۆری لەسەر ئاشتی و سەقامگیری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە" لە نزیکەوە لەگەڵ گوتێرێش دا لەو بارەیەوە کاردەکات.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز