ناڕەزایی بریندارانی چەکی کیمیایی لە دژی بڕیارێکی حکومەتی هەرێم

حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی چاکسازی لە وەزارەتەکانی خۆیدا ڕاگەیاندووە و پێداچوونەوە بە مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و توێژە جیاوازەکان دەکات، لەو چوار چێوەیەشدا بریندارانی چەکی کیمیاوی دەڵێن ئەوان هاوکاریەک وەک بریندار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن، ئەگەر مووچەی دیکەیان هەبێت ئەوان هاوکاریەکەیان ڕادەگرن، دەشڵێن ئەوان پارەی ئەو هاوکارییە بۆ دەرمان و پێداویستی پزیشکی ڕۆژانەیان بەکاردەهێنن و هۆشداریش دەدەن بە حکومەت لەو ڕووەوە.

لوقمان عبدولڕەحمان سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بەبێ ئەوەی ڕەچاوکردنی برینداران و بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی لە چوار چێوەی پرۆسەی چاکسازیدا، ئەو بریندارانەی کە مووچەی دیکەیان هەیە ئەوا ئەو هاوکاریەی وەک بریندار وەریدەگرن ڕادەگرین ئەگەر سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت بە دەممانەوە نەیەت ناڕەزایەتیەکان دەبەینە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران".

نەسرین حەمەڕەشید بریندارێکی چەکی کیمیاییە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەو هاوکاریەی وەریدەگرین لە چاو ئەو پێداویستیانەی کە هەمانە زۆر کەمە، هەموومان لە ناو گیرفان و ئۆتۆمبێل ئێستا پەمپی هەناسە و ئەو چارەسەرانەمان پێیە، بەڵام حکومەت ئەوە نابینیت، ئێمە لە یادەکاندا بانگ دەکرێین دەڵێن وەرن چیرۆکی ژیانتان بگێڕنەوە دوایش بەم جۆرە مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن ".

ئەنوەر عارف بریندارێکی چەکی کیمیاییە و تا ئێستا هیچ کارێکی یاسایی بۆ نەکراوە ، ئەو دەڵێت " ئەو هاوکاریەی کە برینداران وەریدەگرن من هێشتا بۆم نەکراوە، هاتووم پشتیوانی لە بریندارانی دیکەی چەکی کیمیایی بکەم تا حکومەت هاوکاریەکەیان نەبڕێت".

گردبوونەوەی بریندارانی چەکی کیمیایی لە کاتێکدایە بڕیارە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەدا لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان کۆببێتەوە بە مەبەستی پڕۆژەی چاکسازی لە وەزارەتەکانی حکومەتدا کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەنگی پێدراوە، هاوکات بریندارانی چەکی کیمیایی ئاماژەیان بەوەکرد دۆخی برینداران ئێستاش هێندە خراپە پشت بە سەرمایەدار و خێرخوازان دەبەستن بۆ چارەسەرکردنی خۆیان .

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی