پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانن لەمەڕ "سەرکوتکاری توندوتیژانەن" لە دژی خۆپیشاندەرانی ئێران

گروپێک پسپۆڕی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی چوارشەممە نیگەرانی خۆیان لە "سەرکوتکردنی توندوتیژانە"ی مامۆستایان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەشێوەیەکی فراوانتر لە ئێران دەربڕی و داوای لێپرسینەوە لەوانە دەکەن کە بەرپرسیارن.

ئەو پسپۆڕانە، كە لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەستنیشان کراون بەڵام ناتوانن بەناوی رێکخراوەکەوە قسە بکەن، بانگەشەی ئەوە دەكەن كە زیاتر لە 80 مامۆستا لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون یان بۆ لێپێچینەوە بانگ كراون.

دەستگیرکردنەکان لە کاتێکدایە کە چەندجارێک مامۆستایان دژی بارودۆخی کارکردن و کەمی مووچە خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە. یەکێک لەو خۆپیشاندانانە 1ی پێنج روویدا - ڕۆژی جیهانی کرێکاران -- کاتێک خەڵکی ڕژانە سەر شەقامەکانی چەند شارێک و کرێکارانی گواستنەوەش بەشداریان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد.

ئەو پسپۆڕانە لە بەیاننامەیەكی نەتەوە یەكگرتووەكاندا گوتیان، "لە پەرەسەندنی ئەم دواییەی دەستبەسەركردنی ئارەزوومەندانەی مامۆستایان، داكۆكیكارانی مافی كرێكاران و سەركردەكانی سەندیكاكان، پارێزەران، داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ و ئەكتەرانی دیكەی كۆمەڵگەی مەدەنی، نیگەرانین".

بەیاننامەکە دەشڵێت، "فه‌زای كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵه‌ سه‌ربه‌خۆكان بۆ ئه‌نجامدانی كار و چالاكییه‌ ڕه‌واكانیان تا دێت ته‌سک دەبێتەوە ".

هەروەها ئەو پسپۆڕانە بانگەشەی ئەوەدەکەن لەخۆپیشاندانەکانی سەرەتای مانگی پێنجدا، پێنج کەس کوژارن، ئەمەش بەهۆی "بەکارهێنانی زۆر لە هێز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە".

ئەوان بڕیارێکی حکومەتیان بۆ کەمکردنەوەی یارمەتییەکانی خۆراک بە هۆکاری سووتەمەنی ناڕەزایەتییەکان زانی، لەگەڵ توڕەیی لە گەندەڵی.

لە بەیاننامەکەدا داواکراوە "ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە زیادەڕۆیکردن لە بەکارهێنانی هێز لەڕێگەی لێکۆڵینەوەی گشتگیر و سەربەخۆوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت".

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا 2018 بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان تاران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە، ئێران لە قەیرانی ئابووریدا نوقم بووە و ئەمریکا سزای فراوانی بەسەر وڵاتەکەدا سەپاندووە.

هەروەها ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا تووشی ناڕەزایەتی زیاتری شەقام بووە بەهۆی ڕووخانی بەشێکی بینایەک لە 23ی پێنج لە شاری ئابادان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران.

دەسەڵاتداران دەڵێن، 13 بەرپرسیان دەستگیرکردووە کە پەیوەندیان کە کارەساتەکەوە هەبووە. لە نێو بەرپرسە دەسگیرکراوەکاندا سەرۆکێکی شارەوانی و دوو سەرۆک شارەوانی پێشوو هەن.

بەڵام ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند کە ناڕەزایەتییەکان لە لایەن "دوژمنی"ی ئێرانەوە دەقۆزرێنەوە، کە بەشێوەیەکی گشتی مەبەستی ئەمەریکایە.

ناوبراو هۆشداری دا و وتی "ئەوە هەڵسەنگاندنێکی هەڵەیە کە پێیان وایە دەتوانن وا لە گەلی ئێران بکەن دژایەتی کۆماری ئیسلامی بکات".

سەرچاوە: فرانس پرێس