ئۆکرانیا دەیەوێت لە ڕێگەی پۆڵەندا و ڕۆمانیاوە گەنم و دانەوێڵە ڕەوانی جیهان بکات

جێگری وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە کیێڤ ڕۆژی یەکشەممە رایگەیاند ئۆکرانیا دوو رێگەی دیاریکردووە لە رێگەی پۆڵەندا و رۆمانیاوە بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە و رێگریکردن لە قەیرانی خۆراکی جیهانی، هەرچەندە بەهۆی بارودۆخەکەوە زنجیرەی دابینکردن خاوبۆتەوە.

دیمیترۆ سێنیك وتی ئاسایشی خۆراكی جیهانی لە مەترسیدایە، چونكە لەشكركێشی روسیا بۆ سەر ئۆكراینا هەناردەی دانەوێڵەی دەریای رەشی كیێڤی راگرتووە، ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر بووەتە هۆی كەمبوونەوەی دانەوێڵە و بەرزبوونەوەی نرخەكان.

ئۆکرانیا چوارەم گەورەترین هەناردەکاری دانەوێڵەیە لە جیهاندا و دەڵێت نزیکەی 30 ملیۆن تۆن دانەوێڵە لە خاکی ژێر دەستی ئۆکرانیادا هەڵگیراوە، کە هەوڵدەدەن لە ڕێگەی ڕێگاوبان و ڕووبار و شەمەندەفەرەوە هەناردەی بکەن.

سێنیک وتی ئۆکرانیا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ وڵاتانی باڵتیک بۆ زیادکردنی ڕێڕەوی سێیەم بۆ هەناردەکردنی خۆراک.

بەڵام وردەکارییەکانی لەوبارەیەوە نەخستووەتەڕوو کە پێشتر چەند بارە دانەوێڵە لەم ڕێگایانەوە گوازراونەتەوە.

لە پەراوێزی کۆبوونەوە لوتکەییەکەی ئاسایشی ئاسیا لە سەنگافور بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەو رێگایانە نمونەیی نین، چونکە هەندێک تەنگەبەری دروست دەکات، بەڵام ئێمە لە ئێستادا هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پەرەپێدانی ئەو رێگایانە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز