بەرپرسانی سەربازی ئەمەریکا دان بەوەدا دەنێن کە چەندین جار قسەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکرانیا کردووە سەبارەت بە داواکارییەکانی کیێڤ بۆ چەکی نوێتر و پێشکەوتووتر کە دەتوانێت یارمەتیدەر بن لە ڕێگریکردن لە دەستکەوتەکانی ڕووسیا لە دۆنباس؛ بەڵام ڕەتیدەکەنەوە بە ئاشکرا بڵێن ئایا ئەو سیستەمانە بەم زووانە دەگەیەنرێن یان نا.
ئۆکرانیا چەند هەفتەیەکە داوای لە ئەمەریکا کردووە بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی موشەکی فرە وەشاندنی دروستکراوی ئەمەریکا، یان MLRS کە بەهێزتر و زۆرتری توانای جوڵەیان هەیە زیاتر لە تۆپی هاوتزەر و سیستەمی تۆپخانانەی دیکە کە واشنتۆن و ڕۆژئاوا تا ئێستا بۆ ئۆکرانیایان دابین کردووە.
ئەو داوایانە پتر تاویانسەند؛ هەر لەو کاتەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە پێشڕەویدان، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بەرپرسانی باڵای بەرگری ئەمەریکا بە "دەستکەوتی زیاتر" وەسفیان کردووە لە شەڕێکدا کە تا ڕادەیەکی زۆر تۆپخانە و موشەکی دوورهاوێژ تیایدا بەکاردەهێنرێت.
جۆن کێربی سکرتێری ڕۆژنامەوانی پنتاگۆن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئێمە ئاگادارین لەوەی کە ئۆکرانیا بە شێوەیەکی تایبەت و ئاشکرا داوای سیستەمی موشەکی فرە وەشاندن دەکات." “بەڵام پێش ئەو بڕیارە ناکەوم کە تا ئێستا بڕیاری لەسەر نەدراوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە کە "ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵیاندا سەبارەت بە پێداویستییەکانیان و هەموو ڕۆژێک کاردەکەین بۆ گەیاندنی چەک و سیستەمەکان بۆ ئۆکرانیا کە یارمەتیان دەدەن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە شەڕەکاندا بەکاردەهێنرێن."
بەڵام هەندێک ئاماژە هەیە کە ڕەنگە بەرپرسانی ئەمەریکا ئامادە بن بۆ ناردنی موشەکی MLRSبۆ ئۆکرانیا لەپێناو یارمەتیدانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوایەمین هێرشەکانی ڕووسیا.
شایەنی باسە ئەمەریکا دوو سیستەمی موشەکی فرە وەشانی هەیە کە پێکهاتوون لە M270 و M142 سیستەمی موشەکی کە بەرزترین جوڵەی هەیە (HIMARS). هەردووکیان موشەکی هاوشێوەی 227 ملم دەتەقێنن. M270 دەتوانێت تا 12 موشەک بتەقێنێت، لە کاتێکدا M142 کێشی کەمترە و جوڵەی زیاترە دەتوانێت تا شەش موشەک بهاوێژێت.
بەپێی جۆری موشەکەکە، جۆری M270 دەتوانێت ئامانجەکانی لە دووری 70 کیلۆمەترەوە بپێکێت، کە دوو هێندە زیاترە لە مەودای هاوتزەرەکانی ئەمەریکا کە ئێستا لە جبەخانەی ئۆکرانیادان. سیستەمی HIMARS دەتوانێت ئامانجەکانی لە دووری 300 کیلۆمەترەوە بپێکێت.