بۆچی کەم خەوی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن زیاد دەکات؟

ئاشکرایە کە کێشەی کەم خەوی لە مرۆڤدا لەگەڵ زیادبوونی تەمەن زیاتر پەرە دەستێنێت. لێکۆڵینەوە زانستییەکان دەریدەخەن کە کەم خەوی گرێدراوە بە چەندین کێشەی جەستەیی لە مرۆڤدا، لەوانە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جەڵدەی دڵ، شەکرە، خەمۆکی و نەخۆشی لەبیرچونەوە (ئەلزایمەر).

هۆکارە بایەلۆجیەکان بۆ ئەم کێشەیە تا ئێستا بە تەواوی ئاشکرا نەکراون. بۆیە گروپێک لە زانایانی ئەمەریکا لێکۆڵینەوەیەکیان لەو بارەیەوە ئەنجامداوە و دەڵێن ئەو پێکهاتەی مێشکیان دەستنیشانکردووە کە بەرپرسە لە ڕێکخستنی خەوتن و بەئاگایی لە مشکدا.

لویس دی لێسیا، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ستانفۆرد کە یەکێکە لە ئەنجامدەرانی ئەم لێکۆڵینەوەیە، بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پڕێس ڕایگەیاند، "زیاد لە نیوەی ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە 65 ساڵ و بەرەو سەرەوەیە کێشەی خەوتنیان هەیە."

بۆ گەیشتن بەو ئەنجامە، لویس دی لێسیا و تیمە زانستییەکەی لێکۆڵینەوەیان کردووە لەسەر ئەو مادە کیمیاوییەی مێشک کە بە هایپۆکرێتین hypocretin)) ناسراوە و لەلایەن ئەو دەمارەخانانەی مێشک دروستدەکرێت کە دەکەوێتە ناو هایپۆسەڵەمەس لە نێوان چاوەکان و گوێکان دا. لە ساڵی 1998، لویس دی لێسیا و کۆمەڵێک زانای تر بۆیان دەرکەوت کە ئەو مادە کیمیایانە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە ڕێکخستنی بە ئاگایی مرۆڤ.

زاناکان بۆ لێکۆڵینەوە نوێکە تاقیکردنەوەیان لەسەر کۆمەڵێک مشک کردووە کە هەندێکیان تەمەنیان لە نێوان سێ بۆ پێنج مانگ دایە و بەراوردیان کردووە بەو مشکانەی کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 22 مانگ دایە. لە لێکۆڵینەوەکە بۆیان دەرکەوتووە ئەو مشکانەی کە تەمەنیان زیاترە نزیکی 38% مادەی کیمیایی (هایپۆکرێتین)یان لەدەستداوە.

ئەو زانایانە دەڵێن هیواخوازن ئەم دۆزینەوەیە لە مشک یارمەتیدەر بێت بۆ بەرهەمهێنانی چارەسەری پزیشکی بۆ کەم خەوی لە مرۆڤدا.

سەرچاوە: ئەشۆشیەیتد پرێس