هاوکاتی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ڤیەننا، ئێران موشەکێکی نوێی ئاشکرا دەکات

ڕۆژێک دوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتن بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015، تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاند وڵاتەکە ڕۆژی چوارشەممە مووشەکێکی نوێی دروستکراوی ناوخۆی ئاشکرا کرد کە بە مووشەکی بالیستیکی مەودا 1450 کیلۆمەتری، وەسفی دەکات.

ئێران کە یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەورەترین بەرنامەی مووشەکی لە ناوچەکەدا هەیە، دەڵێت مووشەکە بالستیکەکانی تا 2000 کیلۆمەتر مەودایان هەیە و توانای گەیشتنیان بە بارەگا و بنکەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا لە ناوچەکەدا هەیە.

تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێران مووشەکە نوێکەی بە "خەیبەر شکێن" ناودێر کردووە.

میدیا فەرمییەکانی ئێران ڕایانگەیاندووە ئەم مووشەکە دوور مەودایە کە لە ناوخۆدا و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دروستکراوە، بە سووتەمەنی ڕەق کاردەکات و توانای هەیە قەڵغانی مووشەکی تێپەڕێنێت.

تاران بەرنامە مووشەکییەکانی خۆی وەک فاکتەرێکی گرنگ بۆ ڕێگەگرتن لە دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل و دوژمنانی دیکە وەسف دەکات و ئەمەش لە کاتێکدایە کە فەرماندەی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا، ژەنەڕاڵ فرانک مککێنزی، کە سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند "موشەکی باڵیستیکی مەودا ناوەند کە لە یەمەنەوە هەڵدران و چوونەتە ئاسمانی میرنشینە یەکگرتووەکانەوە، دروستکراوی یەمەن نین و هەر بۆیە بەدڵنیاییەوە دەبینین ئێرانییەکان دەستیانلەمەدا هەیە."

کۆماری ئیسلامی داواکارییەکانی ڕۆژئاوای بۆ ڕاگرتنی بەرنامە موشەکییەکانی ڕەتکردووەتەوە.

میدیا فەرمییەکانی ئێران دەشڵێن محەممەد باقری، سەرۆکی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە مەراسیمێکدا لە بنکەیەکی سوپای پاسداران، کە مووشەکە نوێیەکەی تێدا نمایشکراوە، ڕاگەیاندوە "ئێران بەردەوام دەبێت لە گەشەدان بە بەرنامە موشەکیە بالستیکەکانی."

بەرنامەی مووشەکی کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین ساڵە لەلایەن زلهێزانی جیهان و ناوچەکەوە ڕەخنەی لێدەگیرێت، چونکە پێیانوایە بەرنامەکان مەترسی لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمەکە دروستدەکات.

ئیسرائیل لە مێژە هەڕەشەی ئەوە دەکات گەر گفتوگۆ ناوکییەکانی ڤیەننا بۆ ڕێگریکردن لە دەستڕاگەشتنی ئێران بە چەکی ناوکی، شکەستبهێنێت ئەوا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر ئەو وڵاتە و ئێرانیش دەڵێت بەرنامە ناوکییەکەی بە مەبەستی ئاشتییانە بەکاردەهێنێت.