وتەبێژی حکومەتی سۆماڵ لە تەقینەوەیەك بریندار دەبێت

ئۆتۆمبێلی محەمەد ئیبراهیم موعەلمو وتەبێژی حکومەتی سۆماڵ لە شوێنی تەقینەوەکە لە مۆقادیشۆ

ئۆتۆمبێلی محەمەد ئیبراهیم موعەلمو وتەبێژی حکومەتی سۆماڵ لە شوێنی تەقینەوەکە لە مۆقادیشۆ

هێرشبەرێکی خۆکوژ لەپایتەختی سۆماڵ وتەبێژی حکومەت و ڕۆژنامەنوسی پێشووی محەمەد ئیبراهیم موعەلمو بریندارکردووە.

شایەتحاڵەکان بە بەشی سۆماڵی دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند کە خۆکوژێك بەرەو ئۆتۆمبێلەکەی مەعەلمو لە ناوەندی مۆقادیشو ڕایکردووە، و پشتێنی تەقەمەنییەکەی تەقاندۆتەوە، و لەدەرئەنجامدا موعەلمو لە دەست و قاچییەوە برینداربووە.

گروپی چەکداری سۆماڵی ئەلشەباب دەستبەجێ بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیان گرتە ئەستۆ.

مەوعەلمو پێشتر لە بەلایەنی کەمەوە لە سێ هێرشی ئەلشەباب ڕزگاری بووە.

محەمەد حوسێن ڕۆبلی سەرۆک وەزیرانی سۆماڵ ئیدانەی هێرشەکەی کرد، و بە هێرشی تیرۆریستی قێزەون ناودیریکرد. ڕۆبل وتی موعەلمو لە بارودۆخێکی جێگیردایە و هیوای چاکبوونەوەیەکی خێرای بۆ خواست.

شایانی باسە موعەلمو ڕۆژنامەنووسێکی پێشووی بی بی سی سۆماڵە هەروەها سەرکردایەتی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی سۆماڵی کردووە کە یەکێتی نەتەوەیی ڕۆژنامەنووسانی پرۆفیشناڵە لە سۆماڵ، پێش ئەوەی بچێتە ناو حکومەتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئاسایشی، بۆمبێکی دەستکرد، کە بە شێوەیەکی زۆر لە لایەن ئەلشەبابەوە بەکاردێت، موعەلموی کردبووە ئامانج.

جێی بەبیرهێنانەوەیە ڕۆژی 20ی مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوو، ئامێرێکی هاوشێوە ڕۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری ڕادیۆی حکومەتی سۆماڵی عەبدیعەزیز محەمەد گولد "عەبدیعەزیز ئەفریقا" ی لە موقادیشۆ کوشت. وا دەردەکەوتووە کە هەمان تەکنیک لەو هێرشەشدا بەکارهاتبێت.