ژیان لە فەرهەنگدا: ڕۆژ هەڵەبجەیی

"ئازادی لە نوسیندا" ڕەهەندێکی گرنگە لە دەربڕینە ڕاستەقینەکانی نوسەردا، بەو مانایەی ئەو بابەتەی دەیەوێت لەسەری بنوسێت یان قسە بکات، ئازادانە بێت.

ئەگەر بە گشتی سەیرێکی ئەم دۆسێیە بکەین، ڕێک دەبینین لەگەڵ ئەو هەموو سودانەی نەوەی نوێی نوسین لە ئەزمونەکانی پێش خۆیان بینیویانە بۆ پێگەیشتن و تێگەیشتن لە ژیانی نوسینیاندا، بەڵام نەیانویستووە کوتومت ببنە دووبارە و چەندبارەی ئەزمونەکانی پێش خۆیان.

ئەم نەوەیەی نوێی نوسین، کە لە زۆر شوێندا بە نەوەی دوای ڕاپەڕین ناودێر دەکرێت، توانیویەتی زەمینەیەکی ئازادی زیاتر و بەرفراوانتریش بۆ خۆی دەستەبەر بکات؛ ئازادی لە بیرکردنەوە و ئازادییش لە نوسیندا.

دەشێت یەکێک لە هۆکارەکان ئاشنابوون بێت بە ڕۆشنبیریی نوێ و زانینی زمانی تر و هەروەهاش خوێندنەوەی تێکستە وەرگێڕاوەکانیش کە دەکرێت بڵێم لە دوای ڕاپەڕینەوە دەروازەیەکی گەورە کرایەوە بە ڕوی هونەری وەرگێڕاندا.

خاڵێکی تریش کە گرنگە ئاماژەی پێبدرێت، نوسەرە ڕژدەکانی ئەم نەوە نوێیەی نوسین بیر لە کات و شوێن ناکەنەوە لە کاتی نوسیندا، هێندەی ئەوەی بەلایانەوە گرنگە لە دێڕێکی کورتدا، یان لە وێنەیەکی شیعریدا دنیابینی خودی خۆیان بخەنە بەردەست خوێنەر، لێرەشدا دەتوانم ڕۆژ هەڵەبجەیی شاعیر بە نمونە بهێنمەوە.

ڕۆژ، کار لەگەڵ خەیاڵدا دەکات و بێباکانە دەنوسێت و بڕوایەکی تەواویشی هەیە بە ئازادی نوسین، بەردەوامیش دەخوازێت ئەزمونە جیاوازەکانی نوسین تاقیبکاتەوە، وەک قەسیدە و هایکۆ و هەتادوایی.

شیعرەکانی ڕۆژ پێمان دەڵێن ئەم شاعیرەمان یاخییە، بەڵام بە زمانی شیعر یاخییە.
ڕۆژ، لەسەر یاخیبوونەکەی دەڵێت "وەها هەست دەکات یاخیبوون لە هەموو دەقێکدا هەبێت جوانترە، چونکە ئەوە جۆرێکە لە ڕاستگۆیی."

زمان لای ئەم شاعیرەمان سنورەکان ناناسێت و ژمان دەکاتە بابەتێکی ڕەها و هەرچۆنێکیشی بوێت یارییەکی لێزانانە لەگەڵ زماندا دەکات و بە ئەندازەیەک دەکرێت بگوترێت ژمانێک بەکاردەهێنێت تژی لە جوانی و قەڵا لە ئاوازی شیعر.

ڕۆژ، زمان لە شیعردا دەکاتە پێوانەیەک بۆ جیاکردنەوەی ئەوانەی دروشم دەنوسنەوە و دەخوازن نوسینەکانیان بە نرخی شیعر، بە دراوی چەپڵە بیفرۆشنەوە.

ڕۆژ هەڵەبجەیی، وەک باوانی هەموو ژانرە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی تر دەڕوانێتە شیعر و دەڵێت "هه‌موو ژانره‌كانی ئه‌ده‌بی كوردی له‌ ڕۆمانه‌وه‌ هه‌تاوه‌كو نۆفلێت و چیڕۆك، هه‌موویان قه‌رزداری زمانی شیعرن، بۆ نمونه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌م ژانرانه‌ ئه‌گه‌ر زمانی شیعری تێدا نه‌بێت، وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چیرۆكێكی ئاساییت خوێندبێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر به‌ختیار عه‌لی به‌ نمونه‌ وه‌ربگرین، ده‌بینین به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كانی زمانی شیعری تێدایه‌، بۆیه‌ ڕۆمانه‌كانی دوو ئه‌وه‌نده‌ی شیعره‌كانی جوانترن."

ڕۆژهەڵەبجەیی، شاعیر و نوسەر، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا دەداتەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا: ڕۆژ هەڵەبجەیی