ئێران وڵاتانی ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەکات بەوەی بەردەوام سەرزەنشتی ئێران دەکەن

ئێران ڕۆژی سێشەممە لایەنە ڕۆژئاواییەکانی ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015ی تۆمەتبار کرد بە 'بەردەوام بوونیان لە گەمەی سەرزەنشت کردنی ئێران' ڕۆژێک دوای ئەوەی دیپلۆماتە ئەوروپاییەکان هۆشداریان دایە ئەو وڵاتە کە ئەگەر هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە شکست بهێنن، ئەوا بەو زووانە رێککەوتنەکە لەناو دەچێت.

لە هەڵسەنگاندنێکی ڕەشبینانەی وتووێژەکانی نێوان ئێران و زلهێزەکان لە ڤیەننا، دیپلۆماتکارانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا ڕۆژی دووشەممە هۆشداری ئەوەیاندا کە کاتەکە بەرەو کۆتایی دەچێت بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکە.

عەلی باقری کەنی، دانوستانکاری ناوکی باڵای ئێران لە وڵامی هۆشداریی وڵاتە ئەورووپاییەکاندا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەنوسێت"هەندێک لە ئەکتەرەکان لە جیاتی دیپلۆماسیەتی ڕاستەقینە، بەردەوامن لە سەرکۆنەکردنی ئێران" و گوتیشی"ئێمە پێشتر بیرۆکەکانمان پێشنیار کردوە و بە دروستی و نەرمی کارمان کردوە بۆ پڕکردنەوەی کەلێن و بۆشاییەکانی نێوانمان."

باقری کەنی بە ئاماژەدان بە ئەمەریکا و کشانەوەی ئەو وڵاتە لە پەیمانە ناوکییەکە لە ساڵی 2018گوتی "دیپلۆماسی شەقامێکی دووسایدە، ئەگەر ویستێکی ڕاستەقینە هەبێت بۆ چارەسەری تاوانبارەکە، ئەوا ڕێگاکە خۆش دەبێت بۆ مامەڵەیەکی خێرا و باش.

هاوکات ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە گوتی واشنتن خوازیاری دیپلۆماسییەتە لەگەڵ ئێراندا و لە ئێستادا ئەوە باشترین بژاردەیە، بەڵام گوتیشی بەشێوەی بەردەوام لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانی لە بارەی بژاردەکانی ترەوە بۆ ئێران لە پەیوەندیدایە.

مەترسییەکان زۆرن و پێدەچێت شکستهێنان لە دانوستانەکاندا ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕێکی نوێی لە ناوچەکەدا و هاوکاتیش ئەگەر دیپلۆماسییەت لەبارەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا ئیسرائیل هاندەری سیاسەتێکی توندە لەو ڕووەوە.

دانوستانەکان لە ڕۆژی پێنجشەممەوە بە مەبەستی زیندوکردنەوەی ڕێککەوتنی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان دەستێپێکردوەتەوە، ئەو ڕێککەوتنەی کە ئەمەریکا لە ژێر دەسەڵاتی دانۆڵد ترامپدا لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە.

ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە تەنیا دەیەوێت تواناکانی لە بواری مەدەنیدا پەرە پێبدات، بەڵام زلهێزەکانی ڕۆژئاوا دەڵێن ئەو ڕێژەیە لە یۆرانیۆمی پیتێندراو زۆر لەوە زیاتر کە دەکرێت بۆ گەشەپێدانی چەکی ناوکی بەکار بهێنرێت.