وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا شەش کەس و کۆمپانیایەکی ئێرانی دەخاتە لیستی سزاکانەوە

ئۆفیسی چاودێری سەرمایەی بیانی لە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا (OFAC) ڕۆژی پێنجشەممەشەش کەس و کۆمپانیایەکی ئێرانی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2020دا خستە ناو لیستی سزاکانەوە. وەزارەتی دادی ئەمەریکاش دوو لەو کەسانەی تاوانبار کردوە و داوایان دەکات.

بەپێی زانیاریەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ئەو کەسانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە سایبەرییەکانەوە هەوڵیانداوە متمانەی دەنگدەرانی ئەمەریکا لە پرۆسەی هەڵبژاردنی مانگی یازدەیساڵی ڕابردوو تێکبدەن و دووبەرەکی دروستبکەن.

وەزارەتی خەزێنە لە لێدوانەکەیدا دەڵێت کە ئەو کەسانە زانیاری هەڵەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە و ئیمەیلی هەڕەشەئامێز و گرتەیەکی ڤیدیۆیی ساختەیان ناردووە.وەزارەتەکە هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ڤیدیۆ ساختەکە هەوڵێکە بۆ لاوازکردنی متمانەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا و وای پیشانداوە کە خەڵکەکە دەتوانن دەنگی ساختە بخەنە سەندوقەکانی دەنگدانەوە.

بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی خەزێنە ئەو کەسانەی کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، لە نێوان مانگی8ی ساڵی 2020 تا مانگی 11ی ساڵی 2020، ئۆپراسیۆنە سایبەرییەکانی خۆیان ئەنجامداوە. هەروەها بە بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کۆمپانیای 'ئیمەن نێت پاسارگاد' رێبەرایەتی ئەو هەوڵانەی کردووە.

کۆمپانیای ئیمەن نێت پاسارگاد کە ناوەکەی پێشتر 'نێت پەیگەرد سەماوات' بووە، پێشتر بە هۆی پشتگیرییەکانی لە ڕێکخراوی جەنگی ئەلیکترۆنی و سایبری سوپای پاسدارانی ئێران، لەلایەن ئەمەریکاوە خرابووە لیستی سزاکانەوە.

ناوی ئەو کەسانەی کە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندوون، بریتین لە سید محەممەد حوسێن موسا کازمی، سەجاد کاشیان، مستەفا سەرمەدی، سیدمەهدی هاشمی تۆغرۆلجەردی و حوسێن ئەکبەری نۆدە.

بە گوێرەی وەزارەتی خەزێنە، هاوکات وەزارەتی دادی ئەمەریکاش، داوای سید محەممەد حوسێن موسا کازمی و سەجاد کاشیان کردوە.

ئەو وەزارەتە دەشڵێت وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەپێی بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری، تا 10 ملیۆن دۆلار خەڵاتی هەر کەسێک دەکات کە زانیاری دەربارەی چالاکیەکانی ئەو دوو کەسەوە ڕابگەیەنێت.