چوار ژن لە ئەفغانستان دەکوژرێن

نێو شاری مزار شەریف

پاش بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە کوژرانی چالاکوانان دەکەن، گوتەبێژێکی حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند تەرمی چوار ژن لە شاری مەزار شەریفی باکووری وڵاتەکە دۆزراونەتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆیی قاری سەید خوستی لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند پاش دۆزینەوەی ئەو تەرمانە لە ماڵێکدا دوو گومانبار دەستگیر کراون.

ئەو گویشی " لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا لەگەڵ ئەو کەسە دەستگیرکراوانە، ئەوان دانیان بەوەدا ناوە ئەو ژنانە لەلایەن ئەوانەوە بانگهێشتی ئەو ماڵە کرابوون. لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و دۆسێکە ڕەوانەی دادگا کراوە."

قاری خوستی نێوی قوربانییەکانی ئاشکرا نەکرد، بەڵام سەرچاوەیەک لە پۆلیسی مەزار شەریفەوە بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی ڕاگەیاند بەلایەنی کەم یەکێک لە کوژراوەکان چالاکوانی مافی ژنان بووە، کە کەسوکارەکەی نایانەوێت بۆ میدیاکان لێدوان بدەن.