کۆمەڵێکی زۆری مامۆستایان لە شارو شارۆچکەکانی ئێران گردبوونەوەیان ئەنجامداو داوای پەسەندکردنی بەرزکردنەوەی پلەی مامۆستایان و هەروەها داوای ئازادکردنی مامۆستایانی زیندانیکراویشیان کرد.
گردبوونەوەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی خوێندن و پەروەردە لە ناوچەو ناوەندەکانی ستانەکان و هەروەها دەزگای پلاندانان و بودجە لە تاران بەڕێوەچوون.
ئەم گردبوونەوانە لەسەر داوی ئەو داخوازیانە بوون کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەیان بۆ کرابوو.
بە پێی ڕادیۆ فەردا وێنە و ڤیدیۆیی ئەو گردبوونەوانە لە بەلایەنی کەم لە 40 شاری ئێراندا گیراون، لە ستانەکانی کە بریتین لە تاران ، کوردستان، قەزوین ، کرماشان، مازندەران، فارس، لورستان و ئەسفەهان.
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا چەندین جار مامۆستایانی خانەنشینیش ناڕەزایەتییان دەربڕیوە لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی پلانی پلەبەرز نەکردنەوەی مامۆستایان کە لە مانگی شەشی ئەم ساڵەوە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند کراوە.
ئەگەر بێت و ئەم پلانە جێبەجێ بکرێت ئەوا پلەو موچەی مامۆستایان دەگاتە بەلایەنی کەم لەسەدا 80 ی پلەو موچەی ئەندامانی زانستی زانکۆکان کە پەلەو خزمەتی کاریان لەگەڵیاندا وەک یەکە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیارەکە نزیکەی 4 مانگە دەرچووە بەڵام هیچ ڕێوشوێنێک نەگیراوەتە بەر بۆ جێبەجێکردنی لە ناو پەرلەماندا.
هاوکات خۆپیشاندەران لە تاران لە بەردەم دەزگای پلان و بودجە داوای ئازادکردنی مامۆستایانی زیندانیکراویان کرد دروشمی " معلم زندانی آزاد باید گردد" دەگوتەوە واتا مامۆستایانی زیندانی کراو دەبێت ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
ئەم گردبوونەوەی تاران لەبەردەم دەزگای پلان و بودجە پاش ئەوە بەڕێوەچوو کە یاسادانەر محمەد وەحیدی ڕۆژی چوارشەممە گوتبووی دەزگاکە دەیەوێت ئەم پێداچوونەوەیە بە پلەداری ڕابگیرێت چونکە ئەگەر بێت و پەسەند بکرێت ئەوا دەبێت بودجەی ساڵی 2021 بگۆڕێت.
ئەنجومەنی هەماهەنگی فەرهەنگی ئێران لە بڕیارەکەیدا داوای ئازادکردنی مامۆستایانی دەستگیرکراوی کردووە و داوای کردووە مامۆستا دەرکراوەکان و دەستگیکراوەکان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
ئەم ئەنجومەنە داوای لە حکومەت کردووە " لە بری دەستگیرکردن و هەڕەشە کردن پێویستە بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت لە بەرامبەر کارمەندان و خانەنشینەکان."
سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا/ ڕادیۆ فەردا