لە دواین ڕۆژی گەشتەکەی لە بەریتانیا سەرۆکی هەرێمی کوردستان چاوی بە محەمەد بن زاید دەکەوێت

لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ڕۆژی شەممە لەو وڵاتە چاوی بە شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب محەمەد بن زاید کەوت.

بارزانی لە تویتێکدا ڕایگەیاند "لەدیدارەکەدا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، سەقامگیریی هەرێمەکەمان و چەند پرسێکی تری بەرژەوەندیی هاوبەش تاوتوێکران."

ڕۆژی هەینی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بۆریس جۆنسنی سەۆرک وەزیرانی بەریتانیا کۆبووەوە و لەو کۆبونەوەیەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، زیادبوونی مەترسییەکانی تیرۆر، سەقامگیری هەرێمی و هاوکارییەکانی نێوان هەردوولا کرا لە ناویاندا بابەتی ئابوریش.

لە میانەی گەشتە چوارڕۆژییەکەیدا لە لەندەن بارزانی چاوی بە چەندین کاربەدەست و کەسایەتی سیاسی کەوت لە ناویاندا وەزیری بەرگری بەریتانیا بێن والس و وەزیری نوێی پەروەردەی بەریتانیانەدیم زەهاوی کە بە ڕەچەڵەک کوردە.