بڵاوبونەوەی چەند وێنەیەکی وەزیری چین لەگەڵ بەرپرسێکی تاڵیباندا هەرا دەنێتەوە

کۆمەڵێک وێنەی وەزیری دەرەوەی چین وانگ هی کە مانگی ڕابردوو لەلایەن میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاوکراونەتەوە، نیشانی دەدات وانگ هی شانبەشانی بەرپرسێکی تاڵیبان وەستاوە، کە پۆشاکی نەریتی و عەمامەی بەسەرەوەیە، ئەمەش بووەتە جێگای سەرسوڕمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتەدا.

هەر لەوکاتەوە هەڵمەتەکانی پڕوپاگەندەی چین بە هێمنی دەستیکردوە بە ئامادەکردنی خەڵکەکەی بۆ قبووڵکردنی سیناریۆیەک بە ئەگەرێکی زۆرەوە کە ڕەنگە بەیژین ناچار بێت دانبنێت بە تاڵیباندا، ئەو ڕەوتە ئیسلامییە توندڕەوەی کە بە خێرایی دەستبەسەر ناوچەکانی ئەفغانستاندا دەگرێت.

کەسێکی کاریگەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەچەناڵی WeChat کە وا ناسراوە شارەزایی هەیە لەسەر سیاسەتە دەرەکییەکانی چین، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند "تەنانەت ئەگەر نەتوانن کۆنترۆڵی تەواوەتی وڵاتەکە بکەن، ئەوا هێشتا هێزێکی بەرچاو دەبن بۆ ئەوەی بە هەند وەربگیرێن".

ڕۆژی هەینی ڕۆژنامەی گلۆبڵ تایمز کە ڕۆژنامەیەکی میللیە و لەلایەن دەوڵەتەوە پشتیوانی دەکرێت، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سەرۆکی پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی ئەفغانی بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت " پێویستە حکومەتی کاتی، تاڵیبانیش بگرێتە خۆی".