رۆژی هەینی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، چوارچێوەیەکی یاسایی لەسیستمی سزاداندا دەگرێتەبەر کە کەسایەتی و قەوارە لوبنانییەکان دەکاتە ئامانج، دووای تێپەڕینی ساڵێک بەسەر قەیرانەکانی لوبناندا کە وای کردووە، ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی داڕوخانی ئابوری و هەڵئاوسان و کەمی لەخواردن و سوتەمەنی ببێتەوە.
یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەگەری سەپاندنی سزا هەیە بەسەر ئەو بەرپرسانەی کە دیموکراسیەتیان بنکۆڵ کردووەو دەستیان هەیە لەپەکخستنی یاسا لە لوبناندا.
یەکێتی ئەوروپا بەسەرکردایەتی فەرەنسا فشارەکانی چڕ کردووەتەوە، لەسەر سیاسییە بەشەڕهاتووەکانی نێو لوبنان، ئەمەش بەشێکە لەهەوڵدانی نێودەوڵەتی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی جێگییر لەلوبناندا، کە بتوانێت چاکسازی توند بکات، تاوەکو لەو قەیران و ئاڵۆزییە سیاسییە و ئابورییە دەربچن کە لەوەتای تەقینەوەکەی بەندەری بەیروتەوە سەری هەڵداوە.
سەرەڕای ئەو هەوڵانە گرنگە سەرکردەکانی لوبنانیش کێشەکانیان وەلاوە بنێن و پێکەوە کاربکەن و حکومەتێکی تازە پێکبهێنن، ئەو قەیرانانە کۆنتڕۆڵ بکەن و وڵاتەکە ببوژێننەوە.
پێشتریش یەکێتی ئەوروپا لەمانگی حەوتدا هۆشداری دابوو، ئەم رێوشوێنانەی سزاکان دەسبەجێ ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو کەسایەتیانەی سزاکە دەیانگریتەوە، رێگەی گەشتیان لێدەگیرێت و سەرمایەکانیان سڕ دەکرێت، هەرچەندە رەنگە بڕیار بدرێت دەستبەجێ هیچ کەسێک نەخرێتە ئەو لیستەوە.
لەو بارەیەوە دیپلۆماتەکانیش رایانگەیاندووە کە ئامانجی چاوەڕوان نەکراو لەکۆتایی هاویندا بڕیاریان لەسەر نادرێت، هەروەها ئەو کەسایەتی و قەوارانەی یەکێتی ئەوروپاش ڕێگەیان لێدەگیرێت، هاوکاری دارایی ئەوانە بکەن کە ناویان لە لیستەکەدا هەبێت.
سزاکانی یەکێتی ئەوروپا گەندەڵی و رێگە گرتن لە دامەزراندنی حکومەت و سەرپێچی دارایی و پێشیل کارییەکانی مافی مرۆڤ دەگرێتەوە.