گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراق لە واشنتن بەڕێوەدەچێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ئەمڕۆ هەینی لە وەزارەتی درەوە پێشوازی لە هاوشانە عێراقییەکەی دکتۆر فوئاد حسێن و شاندی باڵای عێراق بۆ گفتوگۆی ستراتیژی کرد.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن پشتیوانی ئەمەریکای بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق دەربڕی و گوتی " پێویستە ئێمە پەیوەندییەکانمان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنبێت لە یەکتر و کارکردن بۆ بەرژەوندی هەدوو وڵات بێت. و ئەم کۆبونەوانە لەم پێناوەدایە."

ئەمەش ببینە دیمانەی تایبەتی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕۆژی پێنجشەمە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەندامانی شاندێکی باڵای عێراق پێشبینی دەکەن ڕۆژی هەینی لەگەڵ ئیدارەی بایدن بگەنە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی جەنگی ئەمەریکا لە عێراق.

لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وەزیری دەرەوەی عێراق دکتۆر فوئاد حسێن باسی لەو بابەتانە کرد کە لە وتووێژەکانیاندا لەگەڵ ئەمەریکاییەکان تاوتوێی دەکەن بۆ شێوازی هاوکارییەکانی عێراق و هێزەکانی ئەمەریکا لە بوارە جیاجیاکاندا لە ناویاندا شەڕی دژ بە داعشیش و ئەو پێی وایە ڕۆڵی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەگۆڕدرێت و گوتی " بە بڕوای من، ڕۆژی هەینی ئەگەینە ئەو ڕێککەوتنە و پاشان ڕادەگەیەندرێت هێزی 'شەڕکەری ئەمەریکا' باسی هێزی شەڕکەر دەکەم، لە عێراق نامێنێت. جا چۆن نامێنێت و کەی دەردەچن ئەوە پەیوەندی هەیە بەوەی کاتێکی دیاریکراو دادەنرێت هەردوولا لەسەری ڕێکدەکەوین، و بابەتە تەکنیکییەکان و ئەو شتانەش کە پەیوەندی بە ئاسایش و لەشکرییەوە هەیە تیمی تەکنیکیمان لەگەڵ ئەمەریکاییەکان ڕێککەوتنی لەسەر دەکەن."

ئەم وتووێژانەی کە لە واشنتن ئەنجام دەدرێن تەنها چەند ڕۆژێک بەر لە کۆبونەوەکەی ڕۆژی دووشەممەی نێوان سەرۆک جۆو بایدن و سەرۆک وەزیری عێراق مستەفا کازمییە لە کۆشکی سپی. بڕیارە هەدوولا باس لە بابەتەکانی پەیوەست بە هاوکاری سیاسی، ئابوری، ئاسایش و کولتوری بکەن.

سەرەتای ئەم هەفتەیە، تەقینەوەی بۆمبێکی خۆکوژی پایتەختی عێراقی هەژاند و بەلایەنی کەم 34 کەس لەو تەقینەوەیەدا گیانیان لەدەستدا. ئەو هێرشەی کە لەلایەن گروپی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئەستۆگیرا، جۆرە توندوتیژییەکە هێزەکانی لەلایەن ئەمەریکاوە ڕاهێندراون و پڕچەککراون هەوڵ دەدەن ڕێگری لێبکەن.

وەزیری دەرەوەی عێراق لە وتووێژەکەیدا کە سەرۆکی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا موعتەبەر شێروانی لەگەڵیدا سازیدابوو دەڵێت بابەتی ئاسایش و لەشکری ڕاستە گرنگن و بەشێکن لە وتووێژەکان " هەرچۆنێک بێت ئەمەریکا و عێراق هاوپەیمان بوون و هاوپەیمانن لە دژایەتی داعش".

گوتەبێژی کۆشکی سپی جەین ساکی لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا گوتی چاوەڕوان دەکرێت پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بەردەوام بێت و تیشک بخرێتە سەر کۆبونەوەی نێوان کازمی و بایدن.

ساکی گوتیشی " حکومەتەکەیان (حکومەتی عێراق) بەردەوام داوای پشتیوانی ئیمە و هاوپەیمانان دەکات بۆ ڕاهێنان و بەتواناکردنی هێزەکانیان لە بوارەکانی لۆجیکی زانیاری و هاوکارییەکانی تری ئاسایشی."

ئەمەریکا لە ساڵی 2011 کۆتایی بە شەڕی عێراق هێنا هێزەکانی ئەمەریکا پاش سەرهەڵدانی داعش لە سوریا و عێڕاق جارێکی تر لە ساڵی 2014 گەڕانەوە بۆ عێراق.

لە مانگی چوار، ئەمەریکا و عێراق ڕێککەوتن بۆ گۆڕانکاری لە ئەرکی سەربازانی ئەمەریکادا کە زیاتر تیشک بخەنە سەر ڕۆڵی ڕاهێنان و ڕاوێژکاری.

لە کاتێکدا بەغدا بە پەرۆشە بۆ ئەوەی وا نیشان بدات کە دەتوانێت ئاسایشی خۆی بەڕێوەببات، گروپە میلیشاکانی سەر بە ئێران، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک هێزەکانی ئەمەریکا و عێراقی دەکەن بە ئامانج.

دکتۆر فوئاد حسێن دەڵێت ئەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر هەولێر، فڕۆکەخانەی بەغداو و هەندێک جاریش ناوچەی سەوز ئێمە بە توندی سەرزەنشتیان دەکەین " حکومەتی عێراق ئەو هێرشانە مەحکوم دەکات، ئێمە بە ڕوونی کارمان لەسەر ئەو بابەتە کردووە. هیوادارین ئەو هێرشانە بەردەوام نەبن. بەڵام ئەگەر ئەوە بەردوام بێت واتا کێشەیەکی گەورە دروست دەبێت لە نێو عێراق و لە ناوچەکەش."

وەزیری دەرەوەی عێراق دەشڵێت " ئارامی عێراق واتا ئارامی ناوچەکە، و ئارامی ناوچەکەش کاریگەری ئەرێنی ئەبێت لەسەر عێراق، ئەگەر کەسانێک هەبن وا بیربکەنەوە نائارامی عێراق لە بەرژەوەندی ئەوان دەبێت ئەوا هەڵەن. عێراق وەکو ئەفغانستان نییەو بەرژەوەندی جیهانی دەرەوە لە عێراق جودایە."

هاوکاتی ئەم کێشەو گرفتانە، و فشارەکانی لایەنەکانی سەر بە ئێران لە عێراق بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا وا بڕیارە هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 10 ی مانگی 10 ئەنجام بدرێت، هەرچەندە باس لەوە دەکرێت کە ڕەنگە ئەو هەڵبژاردنانە دوابکەون بەڵام دکتۆر فوئاد دەڵێت هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا دەکرێت " لە ئێستادا هەموو شتێک هەیە، نازانم ئەگەر خوانەخواستە بارودۆخی ئاسایشی عێراق تێکبچێت، ئەوە جیاوازە! بەڵام جارێ هیچ بڕیارێک نییە ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت یان نەکرێت".

لە ئێستادا نزیکەی 2،500 سەربازی ئەمەریکا لە عێراقدان و ڕەنگە گۆڕانکاری لە ڕۆڵیان لەوێ مانای کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکان نەبێت.