ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی: سەرکردەکانی یەکێتی لە پەراوێزخستن و قوتدان دەترسن، بۆیە دەستیان بەهێزەوە گرتووە

ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی کە ئێستاش کادیرێکی دیاری ئەو حیزبەیە، هۆکاری ناکۆکی نێوان سەرکردەکانی یەکێتی و دروستبوونی بارگرژی نێوانیان بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، هەر سەرکردە و دەیەوێت قوت نەدرێت و نەخورێ، بۆیە هەریەکە و بەرگری لەخۆی دەکات، دەڵێت "سەرکردەکانی یەکێتی پێیانوایە قۆناغی ئێستا یەکلایی کەرەوەیە، هەرکەس دەیەوێت بەرگری لەخۆی بکات، تا قوت نەدرێ."

عوسمان بانیمارانی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عوسمان بانیمارانی دەڵێت "هەر سەرکردە و پێیوایە تۆڵەی لێدەکرێتەوە و پەراوێز دەخرێت، چونکە ناو یەکێتی ئەو تەبعە هەیە، بۆیە هەموویان بەرگری لەخۆیان دەکەن، تا بتوانن لەگەڵ ڕەوشەکە بگونجێن و بڕۆن."

جەختیشیکردەوە "پەنا بردنی سەرکردەکانی یەکێتی بۆ هێز زیان بەسلێمانی ناگەیەنێت، چونکە مەسەلە ناگاتە پێکدادان و هەموویان ناوبانگی خۆیان دەپارێزن."

بەبڕوای عوسمان بانیمارانی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی، ناکۆکی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی لە قازانجی حیزبەکە نییە، بەڵام وەک ئەو دەڵێت"یەکێتی بەم ناکۆکیانە ڕاهاتووە، لەسەرەتای دروستبوونیەوە تا ئێستا ناکۆکی هەر هەبووە و هەیە."

بانیمارانی، ئاماژەی بەوەشکرد بنەماڵەیی بوونی یەکێتی هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، چونکە حیزبەکە ڕاو بۆچوونی جیای تێدایە، دەڵێت "یەکێتی بەردەوام سیراعی تێدابووە، کاتی خۆی لەنێوان ڕەحمەتی مام جەلال و کاک نەوشیروان، کاک کۆسرەت و کاک جەبار سیراع هەر هەبووە، بەڵام مام جەلال بووبوو بەچەتر بۆ کۆکردنەوەی ناکۆکیەکان، ئەم برادەرانەی ئێستا ناتوانن دەوری مام جەلال ببینن و ناکۆکیەکان کۆبکەنەوە."

ناوبراو بەپێویستیشیزانی، حیزبەکەی خۆی کۆ بکاتەوە و کەم و کوڕیەکان چارەسەر بکات، تا بچوک نەبێتەوە و باڵانسی هێز بۆ کوردستان بگێڕێتەوە.

لەکۆتایی گفتووگەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عوسمان بانیمارانی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی و کادیری ئێستای ئەو حیزبە، ڕوونیکردەوە سەبارەت بە کۆنگرەی یەکێتی دوو بۆچوون هەیە، بۆچوونێکیان پێیوایە، یەکێتی لەسەر دەستی سەرکردایەتی تازە گەشەی کردووە، بۆچوونەکەی تریش پێچەوانەکەی بەڕاست دەزانێت.