وەرزی ڕاوەماسی دەستپێدەکاتەوە

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕۆژی دووشەممە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی دەستپێکردنەوەی وەرزی ڕاوەماسی ڕاگەیاند و ئامار و چالاکییەکانیانیان لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا کە ڕاوەماسیی تێدا قەدەغە بووە بڵاوکردەوە.

هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمشەو هاوڵاتیان لە کاتژمێر ١٢ی شەوەوە دەتوانن دەستبکەنەوە بە ڕاوەماسی.

"بەپێی ئەو فەرمانەی کە بۆ ئێمە هاتووە دیارە لە کاتژمێر ١٢ی شەو، واتە شەوی ١٤ لەسەر ١٥،[ماسیگرەکان] دەتوانن تۆڕەکانیان هەڵبدەن و بەیانی تۆڕەکانیان هەڵگرنەوە."

لە سێ مانگی ڕابردوودا کە ڕاوەماسیی تێیدا قەدەغە بووە دەیان کەس ڕێنماییەکانیان شکاندووە و هەستاون بە ڕاوکردنی ماسی و لەلایەن پۆلیسی دارستانی سلێمانییەوە ڕووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.

"٩٢ هاوڵاتی لەسەر سەرپێچیکردنی ڕاوکردنی ماسی دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی یاسا کراونەتەوە. چەندین کەرەستە دەستیببەسەرداگیراوە و بە سەدان ماسی لە تۆڕەکان کراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ دەریا و دەریاچەکان و چەندین بەلەم و ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل دەستیان بەسەرداگیراوە."

هەروەها لەبارەی جۆری ڕاوکردنی ماسییەوە هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی وتی "لە هەموو کات و ساتەکاندا ڕاوکردنی ماسی بە تەزووی کارەبا، بە زەهر، بە ماشە، بە تی ئێن تی، واتە بەهەموو جۆرەکانی تەقەمەنی قەدەغەیە و ئێمە داواکارین لە هاوڵاتیانی خۆشەویست کە پابەندبن بە ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی سلێمانییەوە."

هەموو ساڵێک و لە وەرزی زاوزێی ماسییەکاندا لە هەرێمی کوردستاندا و بۆ نزیکەی سێ مانگ ڕاوکردنی ماسی قەدەغە دەکرێت و هەرکەسێک سەرپێچی ڕێنماییەکان بکات ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕێباز مەجید