وەزیری وزەی ئیسڕائیل یۆڤاڵ شتاینتز وتی هەر ڕێکەوتنێکی ناوەکی نوێ لەنێوان ڕۆژئاوا و ئێراندا دەبێت " لە ڕیشەوە دەستکاری بکرێت "بەبەراورد لەگەڵ ڕێکەوتنەکەی پێشوودا.
شتاینتز داوای لە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کرد " فشارێکی زۆر " بخاتە سەر ئێران تاوەکو هەڵسوکەوتەکانی بگۆڕێت و کۆتایی بە بەرنامە ناوەکییەکەی بهێنێت. شتاینتز ئاماژەشی بەوەدا هەڵسوکەوت و بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران لەوانەیە کاربکاتە سەر ئەمەریکا و ئەوروپاش نەک تەنها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
شتاینتز لە کۆنگرەیەکدا لەگەڵ هەریەک لە وەزیری وزەی ئیماڕات و میسڕدا وتی " سەرجەم وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئەوە هاوڕان کە دەبێت پێشوەخت ڕێگە لەم مەترسیە کوشندەیە بگیردرێت."
وتیشی " ئێران سێبەرێکی گەورەی هەیە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ کاریگەریی ڕەفتارەکانی ئێران لەسەر عێراق و لوبنان و سوریا و یەمەن.
وتی " ئەوان سەرجەم بەرپرسیارێتیەکانیان پێشێل دەکەن، ڕێکەوتنەکەی پێشوو بە هیچ شێوەیەک بەس نیە."
ئەوەشی خستەڕوو هەر ڕێکەوتنێکی ناوەکی نوێ لەنێوان ئێران وڵاتانی ڕۆژئاوادا دەبێت " لە ڕیشەوە دەستکاری بکرێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز