بەهۆی هێرشێکی خۆکوژی لە پایتەختی ئەفغانستان 13 کەس دەکوژرێن

کاربەدەستان لە ئەفغانستان دەڵێن بەهۆی هێرشێکی خۆکوژی لە دەرەوەی دامەزراوەیەکی پەروەردە لە کابوڵی پایتەخت بەلانیکەم 13 کەس کوژراون و زیاد لە 30 کەسی تریش بریندار بوون.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ تاریق ئاریان ڕایگەیاند ، پیاوێک کە پشتێنەی تەقەمەنی بەستبوو ، هەوڵیداوە درەنگانی ڕۆژی شەممە هوروژم بباتە نێو دامەزروە قەرەباڵغەکەوەبەڵام لەلایەن پاسەوانانی ئاسایشەوە ڕێگری لێکراوە و لە جیاتی ئەوە تەقەمەنیەکانی لە دەرەوە تەقاندەوە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتۆتە ئەستۆ.

گروپی یاخیبوی تالیبان نکوڵی لەوە کردووە دەستی لەو هێرشەدا هەبوبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی زیاد بوونی گومانەکان لە چەکدارانی سەر بە گروپی تیرۆرستی داعش.

شانەی داعش لە ئەفغانستان کە بە دوڵەتی ئیسلامی لە هەرێمی خوراسان ISKP ناسراوە، لە ماوەی ڕابوردوودا ئەم جۆرە تەقینەوانەی بۆ سەر کۆڕوکۆبونەوەکانی شیعەکان و شوێنە ئاینییەکان لە کابول و شوێنەکانی تری ئەفغانستاندا ئەنجام داوە.

هێرشەکەی ڕۆژی شەممە دوای ئەوە هات کە لە سەرلەبەیانی هەمان ڕۆژ لە ناوچەی غەزنی ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، بۆمبێکی چێندراو بە مینی ڤانێکدا تەقییەوە. تەقینەوەکە بەلانیکەمەوە بووە هۆی کوژران و 9 کەس و برینداربوونی چەند سەرنشینێکی دیکە. گوتەبێژێکی حکومەتی خۆجێهی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند چەند ژنێکیش لە نێوا قوربانییەکاندا بوون.

زیادبوونی توندوتیژییەکان لە ئەفغانستان لە کاتێکدایە ماوەی مانگێکە وتووێژی ئاشتی لە نێوان حکومەتی ئەفغانستان و نوێنەرانی تالیبان لە قەتەر دەستیپێکردووە.

وتووێژەکانی ئاشتی ئەفغانستان کە لە 12 ی مانگی نۆ بە ناوبژیوانی ئەمەریکا دەستیپێکردووە هیواکانی بۆ کەمبوونەوەی توندوتیژی لە ئەفغانستان زیاد کردووە. بەڵام هێشتا توندوتیژییەکان هەر بەردەوامن.