یەکێتی ئەوروپا 3 کۆمپانیای تورکیا و ئوردون و کازاخستان سزا دەدات

یەکێتی ئەوروپا سزای سەپاندۆتە سەر 3 کۆمپانیای تورکیا و کازاخستان و هەروەها کۆمپانیایەکی شانشینی ئوردونیش بەهۆی پێشێلکردنی ئەو گەمارۆ چەکییەی ئەوروپا سەپاندبوویە سەر لیبیا.

وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ دووشەممە ئەو سزایانەیان مۆرکردووە لە کۆبوونەوە ئاساییەکەیاندا و تیایدا سڕ کردنی سامانی هەر سێ کۆمپانیاکە لە ئەوروپادا لە خۆدەگرێت و ڕێگەشیان لێدەگیرێت لەوەی بەشێک بن لە بازاڕی دارایی ئەوروپا و هەروەها چییدی ناتوانن هیچ کاردارییەک لەناو وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپادا بکەن.

دوو کەسیش سزایان بە سەردا سەپێندراوە کە پێشێلی سزاکانی سەر لیبیایان کردووە بەوەی کەرەستە و کەلوپەلیان بردووە بۆ لیبیا هاوکاتی هێرشەکانی ژەنەراڵ خەلیفە حەفتەر بۆسەر حکومەت لە تەرابلوس کە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێداناوە.

هێزی دەریایی یەکێتی ئەوروپا لە ئاوی لیبیادا چاودێری سەپاندنی ئەو سزایانە دەکات و زانیاری کۆ دەکاتەوە لەسەر ئەوانەی گەمارۆکان پێشێل دەکەن.

بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا بۆ سزادانی ئەو 3 کۆمپانیا و ئەو 2 کەسە؛ یەکەم بڕیارە لەسەر ئەو دۆسێیەی لیبیا بدرێت.

تەواوی ئەو بەڵگانەش کە کۆکرابوونەوە دەنێردرێنە نەتەوە یەکگرتووەکان و بە دووریش نازانرێت نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەلای خۆیەوە سزا بسەپێنێت بە سەریاندا.

دیپلۆمات لە برۆکسل دەڵێن "ئەو پێشێلکاریانەی کراون ئەو پرۆسە سیاسییە تێک دەدات کە بە مەبەستی سنوردانان بۆ قەیرانی لیبیا دانراوە.