داعش لە نایجیریا

لە ئاکامی 3 هێرشی توندڕەوان لە هەرێمی بورنۆ لە باکوری ڕۆژهەڵاتی نایجیریا زیاتر لە 40 کەس دەکوژرێن.

هێرشەکان لە شاری مۆنگونو کراون کە بنکەیەکی سەربازی نایجیریای لێیە و هەروەهاش بارەگایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان و نزیکەی 150 هەزار ئاوارەش لەو شارەدا دەژین.

سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە بەوە دەکەن توندڕەوانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" ئەو هێرشانەی کردووە.

موحەمەد ئیبراهیم، ئەندامی هێزی پاراستنی کۆمەڵگە دەڵێت " هێرشبەرەکان بە ژمارەی زۆر لە 3 ئاڕاستەوە هێرشیان کردە سەر شارەکە و بۆ چەند کاتژمێرێک کۆنترۆڵیان کرد و پاشان لەشکر بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی توانی ئەو هێزانەی تێرۆریستانی داعش تێکبشکێنێت."

ئیبراهیم لە لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس باسی لەوەش کردووە کە بەلانیکەم 3 کەسی سیڤیل لەو شەڕانەی ڕۆژی یەکشەممەدا کوژراون و ژمارەیەکی نەزانراوی سەربازیش.

وتەبێژی لەشکری نایجیریا دەڵێت، لرەشکر توانیویەتی ژمارەیەکی زۆری تێرۆریستان بکوژێت و هەروەها وەک سەقەر موسا دەڵێت "زۆرێک لەو چەک و ئامێر و کەرەستە و کەلوپەلە سەربازیانەی، تێرۆریستان پێیان بووە، تێکشکێندراون."

درەنگانێکی ڕۆژی شەممەش، توندڕەوان هێرشێکیان کردبووە سەر ناوچەی نگانزای و لەو هێرشەشدا بەلانیکەم 40 کەس کوژراون.

گەواهدەران بە ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆشێتدپرێسیان وتووە، نزیکەی 40 تەرمیان لە گوندی ئوسمانتی و ناوچەکانی دەوروبەری دۆزیوەتەوە و دەشڵێن هێرشبەرەکان ژمارەیەک ماڵیان سوتاند بەر لەوەی ناوچەکە جێبهێڵن.

توندڕەوان لەم ماوەیەی ڕابردوودا ژمارەیەک هێرشی تریشیان لە نایجیریا کردووە بەڵام زیانە گیانییەکانی ئەو هێرشانە نەزانراون بەهۆی لاوازی هۆکانی پەیوەندیکردنەوە.