ژنانی میدیاکار و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە

بەشداری ژنان لە هەموو بوارێکدا گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ یەکسانی جێندەری و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەکان. بەڵام بەشداری زۆری ژنان لە ڕاگەیاندندا گرنگییەکی زیاتری هەیە بۆ خستەڕووی گرفت و ئاستەنگەکانی خۆیان.

لە پاش ساڵی 2003 و پرۆسەی ئازادی عێراقەوە دەیان دەزگای ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە و سەدان ژنی ڕاگەیاندکاریش لەو دەزگایانە کار دەکەن. سەرەڕای ئەمەش پێشێلکارییەکانی مافەکانی ژنان بەردوامە، هێشتا کۆمەڵگە بە چاوێکی یەکسانانە ناڕوانێتە ژن و پیاو، هێشتا بەشدارییەکی بەرچاو یان ڕەوانتر بڵێن بەشدارییەکی کاریگەری ژن لە پرۆسەی سیاسی ئەو هەرێمەدا نییە، هێشتا خەتەنەکردنی کچان، کوشتنی ژن، بەشوودانی کچی ژێر تەمەن 18 ساڵ هتد... بوونی هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا ژنان بە توانایی خۆیان پێگەی خۆیانیان پاراستوە لە میدیادا بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە هیشتا توێژینەوەیەکی بابەتیانە لەبەردەستدا نییە تا بزانرێت خوێنەرانی ئەو بابەتانەی ژنان دەینوسن، چەندن و چ جۆرە کاریگەرییەکیشیان هەیە بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگەوە و بەتایبەتیش بەسەر ژنانەوە. ئەمانە پرسگەلێکن پێویستیان بە لێوردبوونەوەیەکی زیاترە، تا بزانرێت ئەو بابەتانەی نوسراونەتەوە چیی تریان پێویستە زێادبکرێنە سەریان و چۆنیش بتوانرێت برەویان پێبدرێن. لەبیرمان نەچێت پیاوسالاری لە هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەدا دەخوازێت دەسەڵاتی سالاریانەی خۆی بسەپێنێت و هەموو دەوروبەریش بکاتە پاشکۆی خۆی. ئەم پاوانخوازییەی پیاوسالاری بواری میدیاشی گرتۆتەوە، بە ئەندازەیەک هەندێک لە ژنان دەڵێن ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەزگاکانی میدیایی، جیاکاری دەکەن لە دابەشکردنی ئەرکی ڕۆژانە بەسەر ڕۆژنامەوانانی دەزگاکەدا و پرەنسیپی ژن و پیاو بەکاردەهێنن بۆ دابەشکردنی کارە ڕۆژنامەوانییەکان.

کاتێک ئەم جۆرە ڕەفتارانە دەبینرێن، جارێکی تریش پرسیارگەلێکی زۆر بەرۆکی دۆسێکانی تایبەت بە ژن و کۆمەڵگە دەگرنەوە. پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئەی ژنە میدیاکارەکان خۆیان چی دەکەن تا بتوانن کارەکانیان کاریگەربێت و ئەو جیاوازیانە لە کۆمەڵگەدا نەهێڵن؟

ئاشتی عەبدوڵا

نوسەرو چالاکوان ئاشتی عەبدوڵا کە زیاتر لە 20 ساڵە لەو بوارەدا کار دەکات پێی وایە گرفت لەوەدا نییە چەند ژن کاری ڕاگەیاندن دەکەن گرفتەکە لەوەدایە کە ژنان بە عەقڵییەتێکی پیاوانە کار دەکەن هێشتا نەیانتوانیوە خۆیان لە کاریگەری بیرکردنەوەی پیاوانە دوور بخەنەوە. خاتوو عەبدوڵا دەڵێت "هێشتا ئێمە لەو بازنەیە دەرنەچووین کە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری پەروەردەی کردوین. لە ماڵێکدا گەورەبووین کە باوکەکان عەقڵییەتێکی پیاوساڵاری بەسەریاندا زاڵبووە. بۆ نمونە کاتێک ژنێک دەنوسێت ئەگەر ناوەکەی ژنانە نەبێت خوێنەر نازانێت کە نوسینی ژنێکە چونکە عەقڵییەتەکانمان پیاوانەیە. "

نوسەرو چالاکوان هانا شوان‌یش میدیای کوردی بە میدیای پیاوانە لەقەڵم دەدات و پێی وایە ڕێژەی ژنان تەنها لەبەر کامێراکان زیاد کراون " تا ئێستا لە میدیاى پیاوانەى ئێمەدا تەنها ژنان وەک بێژەرو شكڵ پەسەند دەكرێن و دەركەوتنیان لە شاشەکانەوە لێدەكرێتە خەونێک هەربۆیە كە بەو خەونە دەگەن وادەزانن ئیتر ئەوە تەنها كارى میدیاییەو ئەوان پارێزراون، کە لە ڕاستیشدا وانییە. كەواتە واقیعى حاڵ ئەوەمان پێدەڵێت كە ژنان وەک ژمارە كەمن و وەک كاریگەریش زۆر كەمتر"..

هانا شوان

ژنانی ڕاگەیاندکار دەشڵێن کاتێک دەچیتە دنیای میدیاییەوە بەتایبەتی کاتێک ناوبانگێک دەردەکەیت لە بواری نوسین و بتەوێت بابەتەکانت کاریگەر بێت ئیتر ناچار دەبیت وەکو پیاوێک ڕەفتار بکەیت بۆ نمونە ناوێریت تەنانەت جلەکانت بە دڵی خۆت بێت ئەمەش لە ترسی تانە و تەشەری کۆمەڵگە. بەڵام خاتو عەبدوڵا دەڵێت " ژن دەبێت تا سەر ئێسقان پێداگری لە ژن بوونی خۆی بکات جا لە مەجالی ڕاگەیاندندا بێت یان هەر بوارێکی تر. چونکە ئێمە هەتا بیرکردنەوەکانمان ژنانە نەبێت و ژنانە نەنوسین ناشتوانین دیفاعیش لە دۆسێکەی خۆمان بکەین کە دۆسێی ژنانە."

هەرچەندە لە ئێستادا هیچ ئامارێک نییە کە بیسەلمێنێت تا چەندێک بابەت و کارەکانی ژنانی میدیاکار توانیویانە هزری کۆمەڵگە بگۆڕن بەڵام ئاشتی حەمەساڵح مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای وت " تاڕادەیە خێزانەکان لەوە گەیشتوون ژن دەبێت کاربکات و بەشداری سیاسەت و ھەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگە بکات ، بەڵام نازانم ئەمە کاریگەری ژنانی ڕاگەیاندکاربووە یان پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا یان بەرزبوونەوەی ئاستی رۆشنبیری کۆمەڵگە. دەکرێ بڵین ئەمانە ھەموو ھۆکاربوون." بەڵام نوسەرو ڕۆژنامەوان هاناشوان دڵنیایە کارەکانی ژنە ڕۆژنامەوانە کاریگەرەکان هۆکارن بۆ گۆڕانکاری لە تێڕوانینی کۆمەڵگە " هەڵبەت كاریگەرى کاری ژنان لەسەر تێڕوانین و بۆچوونى كۆمەڵگە هەیە، بەڵام ئەوەمان لەیاد نەچێت لە كۆمەڵگەیەكى ڕۆژهەلاتى دوای شەڕو قەیرانى ئابوورى و شەڕى دواى بەرەنگار بوونەوەى تیرۆرو و ئەو هەموو ڕێگریانەى دێتە بەردەم ژنان بەڵام هەوڵەكان بەردەوامن و قەڵەمە ئازاكان دەنووسن و ناوەستن ئەوەندە هەیە پێویستیان بە پشتگیرى و بەهرەمەندبوون هەیە."

ئاشتی حەمە ساڵح

ئاشتی حەمە ساڵح وەک مامۆستایەکی بەشی ڕاگەیاندن ڕەخنە لە ڕاگەیاندکارانی نێرینە و مێینەش دەگرێت کە گرنگی بە پیشەکەی خۆیان نادەن " ھەتا ئێستاش گرفتێک لە ھزری خەڵکی ڕاگەیاندکاردا بە گشتی هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەوانەی ئەم ئەرکە دەگرنە ئەستۆ کەمتر ئاستێکی باڵای ئەکادیمی یان ستراتیژییان ھەیە بۆ پێشخستنی ئاستی ڕۆشنبیری ژن بەشێوەیەکی ڕێکخراو و پلە بەپلە.بەداخەوە ھەندێک لە پیاوان و ژنانی ڕاگەیەندکار ھەتا ئەو کاتە کاری میدیایی دەکەن تا دەناسرێن. ئیدی دەچنە ناو پرۆسەی ھەڵبژاردنەوە و خۆیان کاندید دەکەن بۆ پۆستە باڵاکانی حکومەت، تەنانەت دووایش کە دەگەڕێنەوە خانەنشین دەکرێن و زۆر بە دەگمەن ئیشی میدیایی دەکەن. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ھەر لەسەرەتاوە بیرێک یان ھزرێک نەبووە ئەوان ئیشی لەسەر بکەن تا بەردەوام بن و تا کۆتایی لەگەڵ پیشەی ڕۆژنامەوانی بمێننەوە."

زۆر جار لە هەرێمی کوردستان کاتێک ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوودەدات جا چ کوشتنی ژن یان توندوتیژی بەرامبەر ژن بێت، یان لێدوانێکی نابەجێ لەلایەن کەسێکی ناسراو لەسەر ژنان ئیتر ئەم بابەتە دەبێتە سەردێڕی میدیکان و تا چەند ڕۆژێک بە گەرمو گوڕی قسەی لەسەر دەکرێت و دەبێتە جێگەی مشتومڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش. بەڵام هەر پاش چەند ڕۆژێک بابەتەکە سارد دەبێتەوە و و نازانرێت چی بەسەر هات و دۆسێکە بەرەو کوێ ڕۆشت. ئاشتی حەمەساڵح دەڵێت " میدیاکان بەزۆری ئیشی ھەواڵ دەکەن و لەھەواڵدا کۆتایی پێدەھێنن، بەڵام کە دەگاتە ئەوەی ئیشی مەیدانی و ڕاپۆرت یان ڕیپۆرتاج و بەدواچوون وەک ئیشی بنکۆڵکاری بکەن زۆر کەمە. ئەمەش لەوانەیە بۆ ئەوە بگەرێتەوە کە میدیاکاری پرۆفیشناڵ لەھەردوو رەگەز کەمە بەتایبەتیش پرۆفیشناڵی ژن."

سەبارەت بەوەش کە ژنان چەندێک ئازادن لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان جارێکی تر دێینەوە سەر مەسەلەی کۆمەڵگەو ڕەچاوکردنی تێڕوانینی کۆمەڵگە. یان ئایە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە وەک ژنە میدیاکارەکان پێیان وایە دەزگاگەلێکی پیاوانەن، تا چەندێک کراوەن بۆ شکاندنی ئەو ڕێچکانە. هەندێکیش دەڵێن ژمارەی ژنی ڕاگەیاندکار هەرچەند بێت گرنگی نییە چونکە لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتیدا زۆر کەمن و بڕیاریان بە دەست نییە. پرسیاریش ئەوەیە ژنان بۆ هەوڵ نادەن بگەن بە شوێنی بڕیاردان ئایە ئەمە لە کەمتەرخەمییانە یان ڕێگریان لێ دەکرێت. وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ بابەتی داهاتو هەڵدەگرین.