ترامپ دەڵێت ناخوازێت لەگەڵ ئێراندا شەڕ ڕووبدات

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ئەو شەڕ یان پێشبینیکردنی شەڕ ناخوازێت لەگەڵ ئێراندا، پاش ئەوەی پێشتر هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لەو وڵاتە دا، دووابەدوای خۆپیشاندانە توندوتیژەکەی کە بەڕێبەرایەتی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ڕوویدا.

کاتێک لە هاوینە هەواری مارالاگۆ لە فلۆریدا پرسیاری لە ترامپ کرا ئایە شیانی هەیە ناکۆکییەکان لەگەڵ ئێراندا شەڕی لێبکەوێتەوە، لە وەڵامدا ترامپ بە پەیامنێرانی گوت " ئایە من ئەمەم دەوێت؟ نەخێر. من دە‌خوازم ئاشتی هەبێت. من حەزم بە ئاشتییە. و پێویستە ئێرانیش لە هەموان زیاتر ئاشتی بوێت. جا پێم وا نییە شتێکی لەو جۆر ڕووبدات."