هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر دوو دامەزراوەی نەوتی سعودیە

حوسییەکان بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەیان گرتۆتە ئەستۆ کە ڕۆژی شەممە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە. ئەو هێرشانە بوون بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دوو دامەزراوەی نەوت کە سەر بە کۆمپانیای زەبەلاحی ئارامکۆی سعودییە. لە ماوەی پێنج مانگی ڕابوردوودا ئەمە سێهەمین هێرشە بۆ سەر ئەو دامەزراوانەی کە سەر بەو کۆمپانیایەن .

دەمودەست حوسییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لەهەردوو هێرشەکەی پێشوتر ڕاگەیاندبوو کە لە مانگی ئایار و ئابدا ئەنجامیاندا بوو بۆ سەر دامەزراوەکانی ئارامکۆی لە سعودییە، سعودییە کە سەرۆکایەتی ئەو هاوپەیمانییە لەشکرییە دەکات و هەر لەساڵی 2015 ەوە هێرشی ئاسمانی لەیەمەن ئەنجام دەدات دژی سەرهەڵداوە یاخییە حوسییەکان و پشتیوانی حکومەتەکەی عەبدرەبۆ مەنسور هادی دەکەن کە لەئاستی نێودەوڵەتیدا حکومەتێکی باوەڕپێکراوە.

وتەبێژێکی ئاسایشی کە بە ناوی وەزارەتی ناوخۆی سعودییەوە ڕایگەیاند "لەکاتژمێر 4 ی سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە بە کاتی خۆجێی تیمی ئاسایشی پیشەسازی لە کۆمپانیای ئارامکۆ هەستان بە خامۆشکردنی دوو ئاگرکەوتنەوە لەدوو کارگەی سەر بە کۆمپانیاکە لەپارێزگای بەقیق و هەجرە خەرس کە لەڕێی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانەوە کرابوونە ئامانج."

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵەکانی سعودییە بڵاویان کردۆتەوە ئاماژە بەوە کراوە هەردوو ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراون و رێگیراوە لە تەشەنەکردنی، بەڵام ئەو فڕۆکە بێ فرۆکەوانانە دیاری نەکراون کە سەر بە کوێ بوون و باسی ئەوەش نەکراوە ئایا ئەو هێرشانە قوربانی لێکەوتۆتەوە یان نا هاوکات هیچ زانیاریەکیان لەبارەی وردەکاری هێرشەکەوە بڵاونەکردەوە و بەڵام رایانگەیەند کە لێپێچینەوە دەستپێدەکەن.