بۆ زۆرێک لە نوسەرانی ڕاستەقینە کە لەڕێی جیهانی نوسینەوە خەونەکان و دید و بۆچوونەکانیان دەخەنە بەرچاومان، کردەکانی خوێندنەوە و نوسین زۆر زۆر قورسن.
با ڕۆماننوسێک بە نمونە وەربگرین کاتێک دەکەوێتە دروستکردنی کاراکتەرەکانی ناو ڕۆمانێکی نوێی، زۆر ماندوو دەبێت پێوەی، بە شێوەیەک لەوانەیە بشبێتە هۆکار بۆ گرفتی دەروونیی بۆ خودی نوسەر و لە ناکاو بیخاتە پێکەنین یان گریان، یانیش نوسەر بخاتە دڕدۆنگییەکی قوڵەوە.
پرۆسەی دروستکردنی کاراکتەر و ئەوەی چ بەرگێکی کەسایەتی پێدەبەخشیت و دەیکەیت بە خاوەنی چ جۆرە بیرکردنەوەیەک، و چ ئاخاوتنێکی پێدەبەخشیت و بە کامە ڕێگەدا دەیبەیت و ڕەفتارەکانی چۆن دەبن، چ جۆرە متمانەیەکی لای خوێنەر بۆ دروست دەکرێت و هەتا دوایی؛ هەمووی بە ئەرکی نوسەر دادەنرێت، بە دڵنیاییشەوە ئەم پرۆسەیە لە دەستپێکی دروستکردنی کاراکتەرەوە تا تەواوبوونی ڕۆمانەکە و بڵاوکردنەوەی، نوسەر تەواو ماندوو دەکات.
ئا لێرەوە دەگەینە ئەو بەرەنجامەی، کۆی کاراکتەرە سەرەکییەکان و لاوەکییەکانی ناو ڕۆمانێک سەرچاوەکەیان تاکە کەسێکە، دایک یان باوکیانە، مامۆستایانە، پزیشکیانە، دادوەر و چاودێریانە، سەرچاوە ڕۆشنبیرییەکەیانە، ئاڕاستەکەریانە و هتد.
دەشێت ئەوەش ڕاست بێت کە دەگوتریت هەندێک کاراکتەر لەناو ڕۆمانێکدا دروست دەبن بەبێ ئەوەی نوسەر خۆی دروستی کردبن، دێن و دەچن و قسەمان لەگەڵ دەکەن و لەوانەشە گەشە بکەن.
هەر بۆیە ڕاستە کە نوسین نەک هەر ئاسان نییە بەڵکو قورسە و زۆریش قورسە.
جا لێرەدا جێی خۆیەتی بپرسین ئایا خوێنەرانی ڕۆمانی کوردی تا چ ئەندازەیەک لە ماندووبوونی ڕۆماننوسەکانی خۆیان تێدەگەن و چەندێک توانراوە پردی متمانە لە نێوان خوێنەر و نوسەر و کاراکتەرەکاندا دروستبن؟!
هەندێک ڕۆمان هەن (مەرج نییە ئەوانە بچنە ناو خانەی ڕۆمانەوە بەڵام ناوی ڕۆمانیان پێدراوە)بە شێوازی ڕیپۆرتاژێکی ڕۆژنامەوانی نوسراون، هەندێکیش چەندان لاپەڕەی بۆ گێڕانەوەیەکی بێزارکەر تەرخان کردووە کە ئاخنراوە بە وردەکارییەکی ناپێویست بۆ خوێنەر، کەمیش نین ئەوانەی دەخوازن بە زمانی گوتاردان دەیان لاپەڕەی ڕۆمانێک پڕ بکەنەوە کە دەشێت بۆ خوێنەری ڕژد هیچ جیاوازییەکی نەبێت لەگەڵ گوتارە سیاسی و ئاینیەکانی دوورن لە هەموو بنەمایەکی مەعریفی، تەنانەت ڕۆمانیش هەن کە گرێچنی (چنینی درامایی) خۆیی ون کردووە و خوێنەر ناتوانێت ئەو چنینە لەنێو ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەدا بدۆزێتەوە، جا ئیدی لەبری ئەوەی خوێنەر لەگەڵ ڕۆمانەکەدا بڕوات دەبینیت لێی زیز دەبێت و پێی دەڵێت کە هیچم پێنابەخشیت، فەرموو تۆ بە ڕێی خۆت و منیش بە ڕێی خۆمدا دەڕۆم.
ئایا ڕۆمانی کوردی دەتوانێت خۆی لە زمانی گوتاردان دووربخاتەوە؟
ئایا ڕۆمانی کوردی بە شوێن چ خوێنەرێکدا دەگەڕێت؟
بۆچی هەندێک جار کە ڕۆمانێک دەخوێنینەوە هەست بە ونبوون دەکەین، ئایا پەیوەندی هەیە بە کاراکتەرە سەرگەردانکراوەکانی ڕۆمانەکەوە؟
ئیسماعیل حەمە ئەمین، نوسەر و ڕۆماننوس لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5